داعش وێنەی گەنجێکی کوردی بڵاوکردەوە کە رفاندوویانە
سارا شوانى
چەکدارانی داعش لە رێگەی پێگەکانیانەوە لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان وێنەی گەنجێکی کوردیان بڵاوکردووەتەوە، کە پێش ئەوەی دەستگیربکرێت لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان پۆلیس بووە و داعش پەیوەندی بە خانەوادەکەیەوە کردووە و وتوویانە، تەنیا بە یەک مەرج ئازادی دەکەن.
کەسێکی نزیک لە خانەوادەی جەلال بابان (ئەو گەنجەی لای داعش دەستگیرکراوە) بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە دانیشتووی ناوچەی گەرمیانن و کوڕەکەیان نزیکەی دوو ساڵە دەستگیرکراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەلال بابان لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا بووە کاتێک دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر ھاوڕێکەی بەبڕی ٥٠ ھەزار دۆلار ئازادکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داعش رەزامەندییان داوە جەلال بابانیش ئازادبکەن و کچێکی ئێزدییان دیاریکردووە بۆ ئەمیرێکی داعش کە رادەستیان بکەن و کوڕەکەیان وەربگرنەوە، بەڵام کچە ئێزدییەکە رەتیکردووەتەوە بڕواتە ژێر دەسەڵاتی داعش.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق کۆنتڕۆڵکردنی داعشی راگەیاند، بەڵام تا ئێستاش جموجوڵەکانی داعش بەردەوامە و شانە نوستووەکانیان چەندین چالاکییان لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە.
|