تۆڕی ھەواڵی ژیان ھەڵوێستی لاھور شێخ جەنگی ئاشکرا دەکات
دەقی نوسینەکەی ماڵپەڕێکی نزیک لەلاھور شێخ جەنگی
لە ئێوارەی رۆژی پێنج شەممەوە، سلێمانی کەوتووەتە ناو دۆخێکی نائاساییەوە، دۆخێک کە بە کودەتای سپی ناودەبرێت بۆ تەسلیمکردنی یەکێتی و سلێمانی بە پارتی، کە لە ئەگەری سەرکەوتنی کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر داھاتووی ئەم سنورە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی.
سەرەتای ئەم رووداوانە لەوەوە دەستیپێکرد کە بڕیاردرا بە گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاری، کە بەپێی زانیارییەکان ئەم گۆڕانکارییە ھەستیارە بە بڕیارێکی کتوپڕ و لەناکاو بووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دراوە .
ئەم بڕیارە کتوپڕ و لەناکاوە کە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە پشتییەوە بوون، دۆخەکەی ئاڵۆز کرد، سەرباری ئەوەش ھەوڵیاندا بە جوڵاندنی ھێز بڕیاری گۆڕانکارییەکان جێبەجێ بکەن و ھێزیان بردە سەر دەزگای زانیاریی کە ھەستیارترین دەزگای یەکێتییە و سەرۆکی دەزگاکە و راوێژکارێکیان بۆ ماوەی نزیکەی ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەرکرد .
لە سەرەتای ئەم رووداوانەوە تائێستا چەندین زانیاریی باس دەکرێن، دەوترێت کێشەکان چارەسەربوون، یان بڕیاری گۆڕانکارییەکان راگیراون، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی ھەواڵی ژیان کەوتوون، تائێستاش دۆخەکە ھەر وەک خۆیەتی و ھیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە .
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لایەنێکی سەرەکی ئەم پێشھاتانە، دەوترێت ئەم رووداوانە پلانێکە و لە دژی ئەو داڕێژراوە بە پشتیوانی دەرەکی و تەنانەت ھەرێمایەتیش .
تائێستا لاھور شێخ جەنگی بە فەرمی ھیچ ھەڵوێستێکی لەبارەی رووەداوەکانەوە نیشان نەداوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ھەواڵی ژیان ھەر لە سەرەتای دەرچوونی بڕیارەکانەوە تائێستاش، لاھور شێخ جەنگی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەو بڕیارانە ھەڵبوەشێتەوە چونکە نایاسایین و بەزەبری ھێز کراوە کە ئەوەش ھەرگیز ڕێگا پێدراو نییە .
جوڵاندنی ھێز بەو شێوەیەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بینرا، بە پێشھاتێکی نەخوازراو دەدانرێت چونکە لە مێژووی دامەزراندنی ئەم حزبەوە تائێستا شتی وا رووینداوە تەنانەت لە کاتی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی کە نزیکەی نیوەی دەنگەکانی یەکێتی برد و کاریگەری زۆری لەسەر ئەو حزبە بەجێھێشت، مام جەلال ئامادەنەبوو ھێز بەرامبەر نەوشیروان مستەفا و ھاوڕێکانی بەکاربھێنێت .
ھەر بۆیە ئەم بڕیارە، جەماوەری یەکێتی نیگەران کردووە کە لایەنێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانی پەنای بردووە بۆ بەکارھێنانی ھێزی چەکدار، لەکاتێکدا بڕیاری گۆڕینی بەرپرسێکی ئەمنی، ھیچ پێویستییەکی بە جوڵاندنی ھێز نییە .
جگە لەوانە چەندین رۆژنامەنووس و شیکەرەوەی سیاسی لە دەرەوەی یەکێتی ئاماژەیان بە بوونی دەستی دەرەکی کردووە لەم رووداوانەدا، بۆ نموونە ڕێبوار کەریم وەلی ڕۆژنامەنووسی نزیک لە ناوەندی بڕیاری پارتی، دەڵێت "کودەتایەکی زەرد لە زۆنی سەوز"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی پارتی دەستی لەم کارەدا ھەیە .
سلێمانی کە ماوەیەکە بە تایبەتی دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی جموجۆڵی تێکەوتەوە و لە ھەوڵدایە سەنگ و قورسایی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، رووداوی لەم شێوازە مەترسی گەورە لەسەر ئەو ھەوڵانە دروست دەکات و دەبێتە مەترسیییەکی گەورە بۆ سەر شارەکەی و داھاتووی خەڵکەکەی.