کوردستان
باڵۆنەکەی لاھور تاڵەبانی فشدەبێتەوە

باڵۆنەکەی لاھور تاڵەبانی فشدەبێتەوە


کەمال چۆمانی
لاھور تاڵەبانی لە روکەشدا ویستی چاکسازیی نیشاندا، بەڵام لە جەوھەردا ویستی دەستەڵاتخوازیی ھەبو و ھەیە. دو کوڕەکەی تاڵەبانی بڕوایان بەوە نییە دەستەڵات لەگەڵ ئامۆزایەک بەشبکەن کە بە بەشێکی بنەماڵەی دانانێن، بۆیە ئێستا دەیانەوێت روی لاھوڕ بشکێنن و نیشانی خەڵک، یەکێتییەکانی بدەن لاھور بێدەستەڵاتە و شکۆیە.

لاھور تاڵەبانی قەرەباڵغییەکی زۆری دروستکرد، بەڵام جگە لە کۆکردنەوەی دەستەڵاتەکان لە دەوروبەری خۆی و ھێنانی بزنسی زیاتر بۆ ژێر رکێفی خۆی، تەنانەت نەیتوانی تاکە یەک چاکسازیی سادەش بکات. خەڵک و یەکێتییەکان لەو قەرەباڵغییە بێزار بون، بۆیە لاھور تاڵەبانی بەتەنھا دەمێنێتەوە. ئەو نەیتوانی ئەو ھاوپەیمانێتییانە بپارێزێت کە ئەویان گەیاندە ھاوسەرۆکایەتیی، ھەرزو وایزانی دەتوانێت ھەموان پەراوێزبخات. ئەو لە پێکھاتەی ھێز و دەستەڵاتیش تێنەگەییشتبو، وای دەزانی بەتەنھا لەڕێی پارە و تۆقاندن و ھەڕەشەوە دەتوانێت خۆی بسەپێنێت. 

لاھور تاڵەبانی سەرەتا بە تاڵەبانیی خۆی ناساند، دواتر خۆی کرد بە لاھوڕ شێخ جەنگیی. ئەو وایزانی دەتوانی بنەماڵەی تاڵەبانی بخاتە لاوە، نەیدەزانی ماڵی تاڵەبانی پەیوەندییان لەگەڵ پارتیی بەھێزترە، پارتیی و ماڵی بارزانی لە ماڵی تاڵەبانییان باشتر دەستناکەوێت بۆ ئەوەی ئیدامە بە خۆسەپاندن بدەن. ئەوە لە روکەشدا خاڵی جیاوازیی لاھور تاڵەبانیی بو و ھەمو وەبەرھێنانەکەی لەسەر دژایەتییکردنی ماڵی بارزانیی بو، بەڵام تاکە جارێکیش لە جەوھەردا نەیتوانی دژایەتییە میدیایییەکەی وەرگێڕێنێتە سەر واقیع. 

لاھور تاڵەبانی یا لاھور شێخ جەنگیی دەبێت بزانێت، وەک چەند جارێکی دیکەش نوسیومانە -خەڵکی تر و منیش-، بۆ تێپەڕاندنی ئەو سیستەمە خەڵک نایەوێت تاکڕەوێک و گەندەڵێک بە تاکڕەو و گەندەڵێکی تر بگۆڕێتەوە. لاھور تاڵەبانی ئەگەر دەیەوێت، کە دیارە لەوەتەی بۆتە ھاوسەرۆک نەیویستوە، دەبێت بە واقیعیی دژایەتییکردنی گەندەڵیی و تاکڕەوێتیی بکاتە مەبدەئ و چەقی کارکردنی، بەوەش لە خۆیەوە دەستپێبکات و کەسێکی دیموکراتیک و ناگەندەڵ بێت. ئەو سترەکچەری سیاسەتەی یەکڕیزیی کوردیی-بارزانیی تێپەڕێنێت و بەدوای ھاوپەیمانێتیی تردا بگەڕێت. یەکێتیی لە حیزبێکەوە کە دەیەوێت بخاتە بن دەستی خۆیەوە بکاتە حیزبێکی دامەزراوەیی. 

لاھوری شێخ جەنگیی نەیتوانی ئەمانە بکات، ھەر بۆیە دو ئامۆزاکەی ئێستا دەتوانن بەو جۆرە روی بشکێنن. یەکێتییەکان ئەو ململانێییەی ئامۆزاکان بە ململانێی دەستەڵاتخوازیی دەزانن. چەند رۆژ و ھەفتە و مانگی دادێ، نۆرەی کوڕانی شێخ جەنگیی دێت روی کوڕانی جەلال تاڵەبانیی بشکێنن، وەک لە رابردو کردبویان. ئەو ململانێییە، ھیچ پەیوەندیی بە چاکسازیی و خزمەتی گشتییەوە نییە. میدیاکان کەمتر باسیدەکەن، لەبەرئەوەی بەشێکیان کڕدراون و بەشێکیشیان دەترسن. 

ئامۆزاکان لە ھەولێر و سلێمانیی چی دەکەن و چۆن لە یەکتر دەخەن، چۆن یەکتر ریسوا و بێزەلەت دەکەن، چۆن لە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابورییەکانی یەکتر دەدەن، کێشەی خەڵک نییە. ئەو چەند وشانەی منیش تەنھا بۆ ئەوەیە بیر خۆمان بخەینەوە ئامانجی گەل گۆڕانێکی ریشەیییە لە کۆی سیستەم. پێویستمان بە سیستەمێکە کە دەزگاکان لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و لێھاتویی و دڵسۆزیی پۆستەکان دابەشبکات نەک لەسەر بنەمای کێ زیاتر لەسەر گۆڕی تاڵەبانی و بارزانی فرمێسکی تیمساحیی دەڕێژێت. 

ئامۆزاکان لە ھەولێر و سلێمانی ھۆکاری زۆربەی ھەرە زۆری نەھامەتییەکانی گەلی ئێمەن، ئەوان کۆی سیاسەت و بزنس و میدیا و پەیوەندیی ئیقلیمیی و دەرەکییان دەستبەسەرداگرتوە. ئەوان ھەمو شتێک لە پێناو خۆیان و مانەوەی خۆیان دەکەن، ھەمو شتێکیش دژ بە رەوتی چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەکەن. ئەوان کێشەن چارەسەریی نین.

گرنگە بیرمان نەچێت؛ سایک\دەرونی ئینسان پێکھاتەیەکی سەیرە، ویستی سامان و ناووبانگ و دەستەڵاتخوازیی، ئەو دەرونەی ئینسانی وێرانکردوە. ئەو روخسارە پێکەنیناوییانەی لەسەر شاشەکان دەیانبینین و بەشەوقەوە لەگەڵ یەکتر دەدوێن، لە ناوەوە داگیرکراون بە بیری شەیتانیی، دڵەڕاوکێ، رق، تۆڵەکردنەوە، شەڕانگێزیی و سترێس و خەمۆکیی. ئەوان لەناوەوە تێکشکاو و روخاون، بۆیە زۆر ھیوایەکی کەم ھەیە چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکرێت کە ئێمە دەمانەوێت، و ئەو ویستی پێشبڕکێ و ململانێیەش لەگەڵ خزمە ھاوتاکان و ھاوڕێکانیان لە حیزبدا، ژیان و دەرونیانی شێواندوە و ھەر بۆیەشە حوکمڕانییەکی شێواو و نەخۆشیان بەرھەمھێناوە. 

پوختەی قسان، چونکە لاھور تاڵەبانی ئامانجی خۆی و بنەماڵە و ھاوڕێ دەروێشەکانی خۆی بو، چونکە ھیچ ھەلێکی نەقۆستەوە بۆئەوەی بۆمان بسەلمێنێت کە دەیەوێت چاکسازیی ریشەیی ئەنجامبدات، تەنھا باڵۆنێک بو لەڕێی میدیای کڕاوەوە فوی تێکرابو. ئێستا ئەو باڵۆنە ھێدی ھێدی کونی تێدەکرێن و فشدەبێتەوە. ئەوە دەرسێکی باشە بۆ لاھور و ھەمو ئەوانەشی ویستێکیان ھەیە لەناو سیاسەتدا شت بن؛ بێ ھەبونی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی دیموکراتیک و عەدالەتخواز کە دەیەوێت سیستەم بگۆڕێت تا ژیانی خەڵک بگۆڕێت نەک ھێرشبکاتە سەر سیستەم بۆ ئەوەی خۆی ببێتە بەشێک، ھیچ کەسێک و سەرکردەیەک و حیزبێک ناتوانێت دەنگی گەل بەدەستبێنێت. ھەر بۆ نمونەش، مەسرور بارزانی وا خۆی نیشاندەدات زۆر بەھێزە، بەڵام ھیچ کاتێک ھێندەی ئەمڕۆ بێھێز نەبوە و کاتێک دەشکێت، ھێند خراپ دەشکێت تەنانەت دەروێشە ھەرە نزیکەکانی خۆیشی ئێستا لە حکومەت پشتی تێدەکەن. ھەر سیاسەتێک نەخرێتە خزمەتی گشتییەوە مەحکومە بە شکست و تێکشکان.
1122 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/10/2021 12:32:04 PM
Print Friendly and PDF
زیاتر ...
تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ