نیاز ساڵەی
"چیدیکە یەکێتی بڕیار لە شوێنی نادیار و میلیشیای سۆشیاڵمیدیاوە وەرناگرێت"
سەروتاری کوردستانی نوێ؛ ئەوەی لەنێو یەکێتی روودەدات راستکردنەوەی رێڕەوە
میدیای فەرمیی یەکێتی گۆڕانکارییەکان نێوخۆی حیزبەکە و پارێزگای سلێمانی بە "راستکردنەوەی رێڕەو" ناودەبات و رایدەگەیێنێت؛ چیدیکە رێوڕەسمی حیزبی پایەدار دەبێت، نەک سێبەر و تارمایی نادیاری نا حیزبی، کە راسپاردە و بڕیار لە شوێنی نادیار و میلیشیای سۆشیاڵمیدیاوە وەربگرێت.
رۆژی ٢٤-٧-٢٠٢١ رۆژنامەی کوردستانی نوێ سەروتارێکی لەژێر ناونیشانی "راستکردنەوەی رێڕەو" بڵاوکردووەتەوە و لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی حیزبەکە ئاماژە بەوە دراوە، "ئەوەی ھەیە راستکردنەوەی رێڕەوە. رێڕەوی یەکێتی و رێڕەوی ئیدارە و حوکمڕانی لە سلێمانی و زۆنی سەوز و بەرپرسیارێتی یەکێتی لە تەواوی کوردستاندا".
لەبارەی کاردانەوە و رەخنەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆڕانکارییەکان دەگیرێت، لە وتارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "با کەس بە ھاشوھوشی ساختەی پەیج و سایت و سێبەری سۆشیاڵمیدیایی پارەدارکراو لە قووتی ھەڤاڵانی یەکێتی چەواشە نەبێت و با کەسیش تەراویلکەی ناڕاست لەسەر ھیچ شتێک ھەڵنەچنێ."
لە وتارەکدا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دراوەتەوە کە گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی حیزبەکە دەستی دەرەکی تێدایە و تێیدا ھاتووە: "ئەسڵی بابەتەکە (تیۆری پلانگێری) ھەرزان و گوتاری دەستی دووژمنانی دەرەکی نییە. چونکە لە فەرھەنگی سیاسیی رۆژھەڵاتیدا دەیان ساڵ ھەموو چاکسازییەک دەکرایە ئەنگیزەی پیلانگێڕیی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و… کۆمەڵێ یزمی دیکە. ئێستاش مۆدی دەستی دەرەکی و ھەرێمییە، بۆ ئەوەی دەستی سەوزی بچووکترین چاکسازی، گۆڕانکاریی یاسایی و ئاسایی بگرن و بیچەمێننەوە. ئەمەی روویداوە و ھی دیکەش کە روودەدەن دەستی سپی چاکسازییە، دەستی سەوزی یەکێتییە بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و گوزەران و جووڵەی سیاسیی نۆرماڵ لە زۆنی سەوزدا".
رۆژی ٠٨-٠٧-٢٠٢١ سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی دەرکەوتن و بەرپرسی ھەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران، دوای دوو کۆبوونەوەش لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاھوور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھیچ رێککەوتنێک نەکران. بەڵام لە کۆبوونەوەی ١٥-٠٧-٢٠٢١ـی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە بڕیاردرا دەسەڵاتەکانی ھاوسەرۆک لە لاھوور شێخ جەنگی وەربگیرێتەوە و بدرێتە بافڵ تاڵەبانی.
لە بەشێکی دیکەی سەروتارەکدا ھاتووە، "وەک کوردستان و وەک یەکێتیش بە کەمترین تەقەللا و بە کەمترین ئازارێک، کە لە حوکمی نەبوودایە، لێی دەرچووین و ئەم چاکسازیی و گۆڕانکارییە راستەڕێی خۆی گرتووەتەبەر".
پێشتر بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا بۆ یەکەمجار لە دوای گرژییەکانی نێوان ھاوسەرۆکان دەستەواژەی "یەکێتیی نوێ" بەکارھێنا، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دروستبوونی سەردەمێکی نوێ لەنێو یەکێتیدا، لە سەروتارەکەشدا ئاماژە بە ھەمان دەستەواژە دراوە و دەڵێت، "ئەم رێڕەوە حیزب دەکاتەوە بە دامەزراوەیەکی مەدەنی.. جەماوەری یەکێتی بۆ کار و تێکۆشانی حیزبی ھان دەدەن بەرەو 'یەکێتی نوێ".
لە وتارەکەدا دواکەوتنی گۆرانکارییەکان بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە بە شێنەیی گۆڕانکارییەکان جێبەجێ بکرێت و ھاتووە: "لە بنچینەدا ئەم رێڕەوە راستەی چاکسازی بۆیە دواکەوت بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بێت کە کەمترین زیان و بەریەککەوتنی تێدا بێت، بە وەستایی و شێنەیی گۆڕانکارییەکە جێبەجێ بوو تا ژیان و گوزەرانی نۆرماڵی خەڵک نەشێوێ. ئەم ئیجرائاتانە بە کەمترین کات و بە نەشتەرگەرییەکی ژیرانە کرا. ھەقە گلەیی لەسەر دواکەوتنی بکرێت، نەک لەسەر باش فریاکەوتنی".
لە کۆتاییشدا باس لەوە کراوە کە وێستگەیەکی دیکە ماوە کە "حەتمەن دەیبڕن" و باس لەوە کراوە کە: "ئەم رێڕەوە یەکێتی وا لێدەکاتەوە ببێتەوە یەکێتیەکەی جاران، یەکێتییەکەی کۆمەڵانی خەڵک کە وەک ھەمیشە سەرۆک مام جەلال دەیگوت: یەکێتیەکەتان. کە بەم دەستەواژەیە ھەمیشە یەکێتی دابووە دەست کۆمەڵانی خەڵک ئەم رێڕەوە تینوتاوی حیزبایەتی لەناو یەکێتی باشتر دەگەشێنێتەوە و دابونەریتی حیزبایەتی پەرەپێدەدات، ئیتر رێوڕەسمی حیزبی پایەدار دەبێت، نەک سێبەر و تارمایی نادیاری، نا حیزبی، کە راسپاردە و بڕیار لە شوێنی نادیار و میلیشیای سۆشیاڵمیدیاوە وەربگرێت. راستکردنەوەی رێڕەو وێستگەیەکی چۆنایەتی بڕیوە و وێستگەی دیکەی ماوە، کە حەتمەن دەیبڕێ".