مەکتەبی سیاسی یەکێتی پاش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
سارا شوانى
ئەمڕۆ ٤ی ٨ی ٢٠٢١ بەسەرپەرشتی ھاوسەرۆک ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی بواری حزبی و ھەڵبژاردنەکان تاووتوێکران.
کۆبوونەوە وێڕای گفتوگۆی لەسەر چارەسەری بەپەلەو یەکێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەکان و دیاریکردنی رێوشوێنی دروست بۆیان لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و ھێمنی ھەرێمی کوردستان بەشاری سلێمانیشەوە، تەئکید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەکتەب و دەزگاکانی یەکێتیی کرایەوە بەرەو ھەڵمەتێکی پڕ جۆش و خرۆشی پێکەوەیی و دیموکراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان کە لیستی ھاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە ھەڵبژاردنی داھاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.
مەکتەبی سیاسی گشت مەکتەب و مەڵبەندەکان و ئۆرگانەکانی یەکێتیی راسپارد کە ھاوشانی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی ھاوپەیمان پەیوەستی میحوەرو بازنەکانی ھەڵبژاردن بن، کە ئەرکی ھەرە لە پێشینەیانە بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان لە ھەموو بازنەکانی ھەڵبژاردندا، چونکە سەرکەوتنی ھاوپەیمانی کوردستان ئاسۆیەکی روون و نوێ لەبەردەم گەلی کوردستان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتی و لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە کە ھەر بە بژاردەی گفتوگۆ و رێوشوێنی سیاسی دەگەیەندرێتە ئەنجام.
|