نیاز ساڵەی
راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ چوارشەمە ١٧ی١١ی٢٠٢١، ھەردو جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشھاتە سیاسی و ئابوریەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھەڵوێستەکردن لەسەر پرسی کۆچی گەنجان و ھاونیشتیمانیانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا و، دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە.
سەرەتا گفتوگۆ کرا لەسەر دوا پەرەسەندەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ھەرێم، بەتایبەت دیاردەی کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان کە لەسەر سنوری وڵاتی بلاروسیا- پۆڵەندا لە دۆخێکی نەخوازراو و نادڵنیاییەکی زۆردا ئەژین. راستیەکی بەڵگە نەویستە، کە بە ھەند وەرنەگرتنی پاکێجەکانی چاکسازی بزوتنەوەی گۆڕان و ھەوڵە بەردەوامەکانی لە پێناو گۆڕانکاریکردن لە شێوازی ڕێکخستن و دابەشکردنی داھات و سامانی گشتی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ھەروەھا فراوانبونی تۆڕەکانی گەندەڵی و لاوازی و کەمی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان ھۆکاری بنەڕەتین لە نەمانی متمانەی ھاوڵاتیان بە دەسەڵات و سەرھەڵگرتنی سەدان گەنج و لاو و ھاونیشتیمانی، لە کاتێکدا ئەم کوتلە مرۆییە سامانێکی مرۆیی گرنگن بۆ گەشەپێدانی ژیانی سیاسیی و پێشخستنی وڵات.
بزوتنەوەن گۆڕان جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاکسازیەکی ڕیشەیی لە شێوازی دابەشکردنی داھات، فەراھەمکردنی خزمەتگوزاری، باشکردنی گوزەرانی ھاوڵاتیان و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکاتەوە. ھاوکاتیش بەکارھێنانی ھەمو توانا سیاسیی و ئیداری و کارگێڕی و مرۆییەکان بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنوری بلاروسیا-پۆڵەندا گەمارۆدراون و تا ژیانیان لە مەترسی ڕزگاربکرێت.
بەشێکی تری کۆبونەوەکە، پەیوەست بو بە دۆخی رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان. بۆ ئەو مەبەستەش ھەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتی دیدگایەکی ھاوبەشیان پێکەوە گەڵاڵەکرد بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەخۆداچونەوەی بزوتنەوەکە و، راگەیاندنی ئاشتەوایی گشتی لەگەڵ ھەمو ئەو کەس و ھەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و دەنگدەرانەی کە پێشتر کاریان لەگەڵ گۆڕان کردوە و ئێستا بە ھەر ھۆکارێک دوورکەوتونەوە.
لە دواین تەوەریشدا، پڕۆژەی دروستکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن ھەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتیەوە پەسەندکرا، کە بۆ ماوەیەکی کاتی دروست دەکرێت و ئەرکەکانی بریتی دەبێت لە ئیدارەدانی بزوتنەوەکە و پێداچونەوە بە گوتاری سیاسی و میدیایی و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی. بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەو دەستەیەش، ھەر دو جڤات گروپێکی پێنج کەسیان ڕاسپارد کە ھەستن بە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو ھەڵسوڕاوە دیارانەی کە ئامادەن لە قۆناغی خۆڕێکخستنەوەی گۆڕاندا لە بزوتنەوەکەدا کار بکەن.