جیهان
ترەمپ هۆکاری دوورخستنەوەی تیلەرسن ئاشکرادەکات

دۆناڵد ترەمپ ھۆکاری دوورخستنەوەی رێکس تیلەرسن ئاشکرادەکات و دەڵێت، لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێران ناکۆکبوون.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٣-٣-٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەرەوە رایگەیاند، رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە و گوتیشی "سوپاسی خزمەتەکانی دەکەم".

پێش بەڕێکەوتنی لە واشنتنەوە بۆ کالیفۆرنیا، ترەمپ لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی رێکس تیلەرسن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، جیاوازییەکانی لەگەڵ تیلەرسن گەیشتبووە ئاستێک کە حەزیان بە کەسایەتی یەکدی نەکردووە. گوتیشی "تیلەرسن پیاوێکی زۆر باشە".

ترەمپ لەبارەی کارکردنی لەگەڵ تیلەرسن لەماوەی ساڵی رابردوو و ھەڵوێستیان لەبارەی پرسەکان گوتی "ئێمە سەرەتا بە باشی ھێنامان، بەڵام لەسەر پرسەکان بۆچوومان جیاوازبوو. کاتێک تەماشای رێککەوتنی ئێران دەکەیت، من پێموایە کارەساتە، بەڵام ئەو دەڵێت باشە. من پێموایە دەبێ ھەڵبوەشێتەوە یان شتێکی لێبکەین بەڵام ئەو تۆزێک جیاوازتر بیردەکاتەوە، لەبەرئەوە بەڕاستی وەک یەکدی بیرماننەدەکردەوە".

لەبارەی مایک پۆمپیۆ کە بە وەزیری نوێی دەرەوە دەستنیشانکردووە، ترەمپ گوتی "لەگەڵ مایک پۆمپیۆ ئێمە ھەمان بۆچوونمان ھەیە، پێموایە کارەکان زۆر باش دەبن".

بڕیاری دوورخستنەوەی تیلەرسن لەکاتێکدایە ناوبرا بە گەشتێک لە وڵاتانی ئەفریقایە. وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، تیلەرسن قسەی لەگەڵ ترەمپ نەکردووە و "ھۆکاری دوورخستنەوەی نازانێت".

ستیڤ گۆڵدستین، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتوویەتی "تیلەرسن دەیویست لە پۆستەکەی بمێنێتەوە لەبەر ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی لە ئاسایشی نیشتمانیدا بەدەستھاتبوو".

ترەمپ لە شوێنی تیلەرسن، مایک پۆمپیۆ، بەڕێوەبەری ئاژانسی ھەواڵگریی ناوەندی (CIA)ی وەزیری دەرەوە داناوە. لەو بارەوە دەڵێت "ئەو کاری نایاب دەکات".

 لە شوێنی پۆمپیۆ، گینا ھاپسێل، جێگرەکەی وەک بەڕێوەبەری سی ئای ئەی دەستبەکاردەبێت، کە بەگوتەی ترەمپ "یەکەم ژنە ئەو پۆستە وەربگرێت".

دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەکی جیدی دەستی بە ئامادەکاری بۆ گفتوگۆ و دانوستاندانی راستەوخۆ لەگەڵ کۆریای باکوور کردووە. سەرچاوەکانی حکومەتی کۆریای باشوور دەڵێن، مانگی ٥ی ئەمساڵ کۆبوونەوەی لووتکەی ترەمپ و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بەڕێوەدەچێت. ترەمپ دەیەوێ پێش دەستپێکردن بەو گفتوگۆیانە ئەو بەرپرسانەی کابینەکەی بگۆڕێت، کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بۆچوونیان لەبارەی سیاسەتی دەرەوە جیاوازبووە.

رێکس تیلەرسن تەمەنی ٦٥ ساڵە، خاوەنی سێ منداڵە. پێش ئەوەی بکرێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠١٦ بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بووە.
1691 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/14/2018 12:30:04 AM
Print Friendly and PDF
زیاتر ...
12
تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ