دوای ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا لە شاری ھانۆڤەری ئەو وڵاتە، قەدەغەیکردبوو ئەمساڵ ئاھەنگی نەورۆز ڕێکبخرێت، ئەویش بەھۆی بەشداریکردنی لایەنگرانی پەکەکەوە، دادگایەکی ئەڵمانیا ئەو قەدەغەکردنەی ھەڵوەشاندەوە.
دوێنێ چوار شەممە ١٤ی ئازار دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاریدا بە نایاسایی بوونی قەدەغەکردنی ئاھەنگگێڕان بەبۆنەی سەری ساڵی کوردییەوە، کە بڕیارە لە شاری ھانۆڤەر لە ھەفتەی داھاتوودا ئەنجامبدرێت.
دادگا ڕایگەیاندووە، ئەو بڕیاری قەدەغەکردنەی ھەڵوەشاندووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئازادی کۆبوونەوە لە ئەڵمانیا لە سەروو مەترسییەکانی پۆلیسەوەیە.
ئەو بڕیارەی پۆلیسی شاری ھانۆڤەر دوای ئەوە ھاتبوو کە کۆمەڵێک لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیایان ئاگادارکردبوەوە، گوایە ئاھەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەدژی ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین لەخۆدەگرێت.
پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری قەدەغەکردنەکەی پەیوەندی ھەبووە بەوەی کە چاوەڕواندەکرێت بە ھەزاران کورد ڕۆژی شەممەی داھاتوو بەبۆنەی ئاھەنگی نەورۆزەوە کۆببنەوە و ئەگەری ئەوەشی داناوە کە ژمارەیەک لە لایەنگرانی پارتی کرێکاری کوردستان بەشداری ئاھەنگەکان بکەن.
لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕەوەندی کورد و تورکی تێدا دەژی و زۆرجار مەترسی پێکدادان لە نێوان ھەردولادا دێتە ئاراوە، جگە لەوەش کوردانی ئەڵمانیا ساڵانە بایەخێکی زۆر بە ئاھەنگی جەژنی نەورۆز دەدەن و ساڵانە لەو وڵاتە یادی دەکەنەوە.