ئابوری
دوایین زانیاری لەبارەی ناردنی موچەی دیکە لە بەغداوە ئاشکرادەبێت
دەریا حسێن

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد بۆ بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان دەبێ چاوخشانەوە بە وردبینییەکانی شایستەی دارایی لە یاسای بوودجەی ٢٠١٨ی عێراقدا بکرێت.

د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی "باسنیوز"ی ڕاگەیاندووە "بانکی ناوەندی بە نووسراوی ژمارە ١٦٣٨ لە ١٩/ ٣/ ٢٠١٨ بڕیاری داوە بە خەرجکردنی بڕی٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن و ٤٦٥ ھەزار دینار، بۆ شایستەی دارایی گشت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگەشەوە".

ڕوونیشی کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە دەبێت چاوخشاندنەوە بەو شایستە داراییە تەرخانکراوەی بۆ ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠١٨ دانراوە بکرێت، چونکە ئەو پارانەی بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان دانراون، بەشی ھەموو مووچەخۆران ناکات تا بەتەواوی مووچەکانیان وەربگرن".

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی ئایا ھەرێمی کوردستان لەو نەوتەی ڕاستەوخۆ ھەناردەی دەکات چەندی دەست دەکەوێت؟، ئەو داھاتەی لەبەر دەستیەتی چەندە؟، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو پارەیەی بەغدا تێکەڵی بکات و پێکەوە مووچەی پێ بدات، وتیشی "وەزارەتی دارایی وتوویەتی بەبێ پاشەکەوت پێویستمان بە ٩٠٠ ملیار دینارە تا وەک ساڵی ۲۰۱۳ مووچەی پێ بدەین".

سەبارەت بەوەی کە ئایا حکوومەتای بەغدا مانگانە بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە ئامنج ڕەحیم وتی "دیار نییە و نازانرێت، چونکە تا ئێستا یاسای بوودجەی ۲۰۱۸ی عێراق نەکەوتووتە بواری جێبەجێکردنە، لە کاتێکدا بەپێی دەستوور ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی شایستەی دارایی خۆی پێ بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی عێراقی دەڵێن شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران بریتییە لە ٣١٧ ملیار کە پیشمەرگەشی تێدایە، ئەگەر ئەوان بەردەوام بڵێن ئەمە شایستەی مووچەخۆرانە، ئەوا بێگومان ھەرێم ناتوانێ مووچەی تەواو بدات، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێ، ئەویش (ساف)ی ئەو داھاتەی لە ھەناردەی ڕاستەوخۆی نەوت بۆ دەمێنێتەوە بەشی ئەوە بکات".

لەبارەی ڕازیبوونی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی ئەو ٣١٧ ملیار دینارە  د. ئامانج ڕەحیم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "ئەمێنێتەوە دوای ئەوەی ئەبێ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری دارایی و ئابووری بکرێت، بۆ خستنەڕووی ئەگەرەکان و بڕیارەکان"
1731 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/20/2018 10:50:37 AM
Print Friendly and PDF
زیاتر ...
12
تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ