پاکێجی درۆ و دەلەسە
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
ڕۆژی ٩ی٨ی٢٠١٨ ئەم شیعرەی خوارەوەم بەدەستکارییەوە بۆ دۆخی ئەو کاتە بڵاو کردەوەو بە نیاز بووم کە ھەمدیس بە جۆرێکی تری دەستکارییەوە بۆ دۆخی ئەمڕۆ بڵاوی بکەمەوە بەڵام پاش چەندین جار خوێندنەوە بڕیارم دا کە ھەر وەک خۆی بڵاوی بکەمەوە و پێم وایە باشتر دەبوو کە وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمرۆ ئەم ھۆنراوەیەی لە باتی بڕیاری میم سینەکەمان بۆ بخوێندینایەتەوە..!!
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گولستانە، دەچم !
عەقڵ ئەڵێ.. نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی!
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ئیمانە، دەچم!
ئەو دەڵی نا، ڕەشە، جێی ڕاوگەیی شەیتانە، نەچی!
من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە، دەچم!
ئەو دەڵێ سەربەسەری تێکچوە وێرانە، نەچی!
من دەڵێم جێگەیی ھەر شێت و جنونانە، دەچم!
ئەو دەڵێ نا زەردەیی پەنجەی پەریانە، نەچی!
من دەڵێم مەرکەزی ئەسڕاڕی حەریفانە، دەچم!
ئەو دەڵێ جێی تەمەعی چاوی حەسودانە، نەچی!
من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە، دەچم!
ئەو دەڵێ کونکونە، جێگەی سەرە پێکانە نەچی!
لەھەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕما ``کامیل``
من دەڵێم جوانە دەچم، ئەو دەڵێ واجوانە نەچی.
لەراستیدا گەورە و بچوکی ئەم کوردستانە دڵنیا بوو کە یەکێتی بەشداری مەراسیمی سوێند خواردنەکەی دەکرد و ئەوەی کە ببوە مایەی سەرسوڕمانی ھەر ھەموومان ئەو ھەموو دوور لەڕووی خوێنەر ( فشە فش) و پاکێج و پاکێجکاری و خۆ گیڤ کردن و نایکەین و ناڕۆین و ھات و ھاوارەی دەم ڕاستەکانمان بوو..!!
کەس نەبوو نەزانێت تەنیا پاکێجێک کە لە ئارادا بوو پاکێجی (درۆو دەلەسە) بوو و ھیچ یەک لەوانەی کە کەرکوکیان پێ دەفرۆشتین باکیان بە کەرکوک نەبوو ..!!
لێرەدا تەنیا یەک قسەم ھەیە بۆ میم سین و راوێژکارە بێ ئەزموون و بڕیاربەدەستە بەرژەوەند خواز و گشت کوتلە و باڵ و باڵۆچکە و لاق و تازە پێگەیشتوەکانی حزبەکەم ئەویش ئەوەیە کە بڵێم`` قسە ھەزارە و یەکی بەکارە`` ..!!
کە دەمانگوت بڕیارتان پێ نادرێت زوێر دەبوون، کە دەمانگوت کاکە قسەیەک مەکەن کە نەتوانن جێبەجێ بکەن دەتانگوت ئاژاوە دەنێینەوە، کە دەمانگوت سیاسەت پیاوی خۆی دەوێت دەتانگوت بێرێزیمان بەرامبەر دەکەن، کە دەمانگوت ڕۆڵە ناتوانن بەدروشم کەرکوک بگەرێننەوە بۆ پێش ڕێفڕاندۆمەکەی سەرۆکی ئەوکات و جێگری ھەمیشەیی حزبەکەمان دەتانگوت یەکریزی تێک دەدەین..!!
دە فرموون تێمان بگەیێنن ئێستا کە پاکیجەکەتان کردوەتە ( ساندویچ ) کەرکوک لەکوێی ساندویچەکەدایە؟؟
دە بفەرموون کوا ھەرێم و بەغدا و کەرکوکەکەتان..؟؟
من خۆم ھەر لەسەرەتاوە دژی پەکێجەکەتان وەستامەوە چونکە چاک دەمزانی پیاوی قسەی خۆتان نین..!! دەمزانی کە لەگەڵ خۆتان و جەماوەرو خەڵکی کەرکوکیش راست ناکەن..!!
دەمزانی کە ھەر ھەمووی موزایەدەیەی کاتیە..!!
ئاخر ئێوەیەک کە ھەر لەسەرتای کاندید کردنی سەرۆکی ھەرێمەوە پیرۆزباییتان کردبێت و ھاوپەیمانێتیتان واژوو کردبێت و بەشداری جلسەی یاسای سەرۆکایەتیتان لەپەرلەماندا کردبێت، ئێ وەڵا بەشداری نەکردنتان لە دەنگ پێدانەکەیدا ھەر تەنیا شانۆگەرییەک بوو و ھیچیتر و خوا پێم نەگرێت ھۆکارەکەشی ئەوەبوو کە یادی یەکێتی لە پێش بوو و لە شەقی جەماور دەترسان..!!
ئێستاش کە دەڵێین ڕابەرایەتی حزبێکی چل و چوار ساڵەتان پێ ناکرێت و با کۆنگرە ببەستین تا چیتر شاھیدی بڕیارە بێسەروبەرو تاکڕەوانە و پاشگەز بوونەوە و سەودا و موعامەلەکانتان نەبین ھەمدیس بە کۆمەڵێک قسەی بریقەداری ترەوە دێنەوە مەیدان و وای لە قەڵەم دەدەن کە گوایە ئێمە ھانی دووبەرەکی دەدەین و دژی ھاوپەیمانێتی و شەراکەتی راستەقینە و ئارامی و سەقامگیرین لە ھەرێم ..!!
لەراستیشدا ئەوە ئێوەن کە دژ بە ھەموو بەھا و پیرۆزیەکان دەوەستن و ئەوپەڕی بێرێزی و بێحورمەتی بەرامبەر بە یەکێتی دەکەن …!!
ئێوەن کە بوونەتە ھۆی ئازاری رۆحی مام و شەھیدانمان.. ئێوەن کە نە لە شەڕدا پڵنگ و ڕەشەبان و نە لە ئاشتیشدا کۆتری سپی و شنەی بان..!!
شاناز برایم ئەحمەد
٩-٦-٢٠١٩
ئەم بابەتەم دوێنی نوسیبوو بەڵام گوتم بەڵکو ئەمجارە ھەڵە بم و قسەکانم راست دەرنەچن.. بەڵام بەداخەوە ئەمجارەش راست بووم..!!
ئێوە پێم بڵێن نەک ھەر کەرکوک بەڵکو خودی یەکێتیش لەکوێی موعادەلەکاندا بوو ؟؟
١٠-٦-٢٠١٩