پارە زۆرە بەڵام پێیان وایە میلەتێک ئەم ھەموو زوڵم و نادادی و دزییە قبوڵ بکات پارەی بۆچییە!
سۆران عومەر
زۆرینەیەک بەستەم ڕازی بێ، کۆیلایەتی بۆ دز بکات پارەی بۆ چییە؟
لەم کاتەدا کە من دەڵێم پارە ھەیەو بۆ میلەت نیە، کۆیلەی وا ھەیە قەرزی کردووە بۆ نانی ئێوارە بەڵام بەرگری لەوە دەکات کە وایلێکردووە و دژی ئەوانەیە کەلانی کەم دزی لێناکەن !
بەڵێ پارە ھەیە، لە ٢٠١٤ بڕی ١٢ ترلیۆن دیناریان لە بانکەکان دەرھێنا ئێستەشی لەسەر بێ ناڵێن چی لێکرا ! درا بەمووچە؟ حاشا لە ٢٠١٤ چوار مانگ بەغدا پارەی نارد لە ٢٠١٥ دیسان چوار مانگ بەغدا پارەی نادر ئەوکات ٤ موچەیان نەدا! دواتر ١٢ ملیار دۆلاریان لەموچە بڕی بەپاساوی ئەوەی بەغدا بەشە بودجەی نەناردووە کەلەوکاتەدا بەھۆی شەڕی داعشەوە دەستیان بەسەر نەوتی کەرکوک دا گرت و مانگانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیان دەفرۆشت!
ئەم حوکمڕانێتیە لە ٢٠١٤ ەوە پرۆژەی ڕاگرتووە پارەی بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی بردووەو نەیداونەتەوە، خەرجی کەم کردۆتەوە، داھاتی ناوخۆی بەنایاسایی زیاد کردووە، بزنسی خۆیان زیادی کردووە، لە شەڕی داعشەوە بۆ کۆرۆنا بزنسی ھەردوو حزبی باڵا دەست زیادی کردووە کەمی نەکردووە، کەناڵەکانیان کەبەپارەی میلەت کاردەکات گرێبەست و داھاتی زیادی کردووە کەمی نەکردووە، گەشت و کەیف و سەفایان زیادی کردووە کەمی نەکردووە، مۆدیل و پارەی بانکەکانی دەرەوەیان و سەھمی کارکردنیان زیادی کردووە کەمی نەکردووە، پارە تەنھا بۆ خەڵک نیە، خەڵک بەوانەشەوە کە ئەندام و لایەنگری حزبەکانیان و لەدەنگدان تەزویریان بۆ دەکەن!
بەکورتی پێیان دەڵێم پارەکانتان لەکوێیە :
لەبانکەکانی ئەڵمانیاو سویسراو ئەمریکاو بەریتانیا پارەیەکی خەیاڵی ئەم دەسەڵاتدارانەی ھەرێم ھەیە، کوڕو کچ و دارودەستە تایبەتەکانیان پارەیەکی خەیاڵیان لەبزنسی گەورەدا ھەیە کە شێخەکانی دوبەی و جدەی تێپەڕاندووە، بانکیان ھەیە بۆ سپیکردنەوەی ئەو پارانە کەبردویانەتە دەرەوە.
بۆیە زۆر تێک دەچن کاتێک لەدەرەوە دەڵێی میلەتی کورد برسیەو حکومەت موچەی پێ نادرێ! چونکە ئەوروپی و ئەمریکی و بەریتانیەکان باش دەزانن پارەی ئەم سیاسیە باڵادەستانەی ھەردوو حزب و حکومەت لەدەرەوە چەند زۆرە!
میلەت ھێشتا بەرگری لەو دزە گەورانە دەکات کە ٢٨ ساڵە قوتی دەبەن و فێڵی لێدەکەن بۆیە ئێمەومانان ھیچێکی وامان پێ ناکرێ بەرامبەریان!
ئەوان خۆیان جورئەتی ڕوبەڕووبونەوەیان نیە لەگەڵمان ئەو حەشاماتە لەکۆیلەو بێ پارەی خەسێنراو بە خەتی فری دەخەنە بەرامبەرمان جنێو بدات بەئامانجی ئەوەی کۆمێنتەکەی بباتەوە لەتێ نانی پێ وەرگرێ!
پارە تەنھا بۆ ئەوانە نیە کەبێ موقابیل ملکەچن و بەرگری لەدز دەکەن، پاسەوانی لەستەمکار دەکەن.
تا ئەم ساتەی لەسەر بێ نەکوڕی تاڵەبانی نەکوڕی بارزانی لەکۆمێنت دا وشەیەکی نەشیاوو جنێوێکی نەنوسیوە، بەسەر دیواری مەکتەب دا نەچووە بەناسنامەی تەزویر دەنگی زیادە بدات، تەقەی لەخۆپیشاندەر نەکردووە، چالاکوانێکی نەگرتووە، ھەر کۆیلەو بێ پارەو چەورە بۆی کردوەن! ئەوانیش باش دەزانن برسیان بکەن و ئەوەشیان پێ بکەن و قبوڵیشیان بێ!
ئیدی ئەمانە پارەیان بۆ چییە؟ ئەوەی ئەمەی قبوڵ نیەو بۆیان ناکات کەمینەیە بووە بەقوربانی ئەو زۆرینە کۆیلەو بەرگریکارە لەستەمکاران.