جیھان لە دوای (کۆڤید ١٩)!؟
ھێمن حەسیب
....................
زەمەنێکە زەوی ومرۆڤایەتی روداو یان گۆڕانکاری گشتگیری بەخۆیەوە نەبینیووە.. کە ببێتە خاڵی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ.. ئەمەش پەیوەستە بە خەسڵەتی مرۆڤەکان، کە توانای درێژەدانیان بە دوربارەبونەوەکان سنوردارە.. بۆیە بەردەوام وێڵی دوای گۆڕانکاریین.. ئیدی بەدیوە پۆزەتیڤەکەی بێت یاخود نیگەتیڤەکەی.
لێ زەمەنێکیشە ئەم خواستی گۆڕانکارییە لە دەستی مرۆڤەکان دەرھێنراوە و چەمک و سیستەمەکان، گۆڕانکاری بەسەر مرۆڤایەتی دێنن.. بەڵام ئامادەگی خودی مرۆڤەکان بۆ گۆڕانکاری، پاڵنەر و بزوێنەری ماکینەی سیستەمەکان بۆ ھەر ھەنگاۆێک.
لە پێنج دەیەی رابردوو، سیستەمی سەرمایەداری دیارترین ئەو سیستەمەیە کە باڵی بەسەر بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی کێشاوە و بەردەوامیش ھەوڵێداوە بڕوچێتە ناو تەواوی جومگەکانی ژیانی مرۆڤ، بە ئەندازەیەک ئینسانی وەک ئامڕازێک بۆ خزمەتی سیستەمەکە بەکارھێناوە نەک سیستەمەکە بۆ خزمەتی ئینسان.
وەلێ ئەگەر تۆزێک وردبینەوە، خودی سیستەمی سەرمایەداری لەم دەیەی کۆتاییەدا لە قەیراندا بووە.. بە جۆرێک لە دۆخی چەقبەستوویدا تەنی بوو.. ھەر بۆیە دەکرێت بڵێین؛ ئەم سیستەمە زەمەنێکە کار لەسەر خۆڵقاندنی ڕوداوێکی نیمچە سروشتی لەسەر ئاستی کۆی مرۆڤایەتی دەکات.. تا وەک ڕووداو و زەرووریەتێکی جیھانی بیکاتە خاڵی دەستپێکی رێفۆڕمێکی خودی.. ڕیفۆرمێک بە چەشنی تەواو کۆنتڕۆڵکردنی کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و ئاوژورکردنی تەواوی ھاوکێشە پەیی بێ براوەکان.
ھێشتا ڕوون و درک پێیکراو نییە، بەوەی چ دەگوزەرێت و رووداوەکان مرۆڤایەتی بەرەو چ کەنارێک دەبن.. کەناری ئارامی یاخود کەنارگیری زیاتری مرۆڤەکان.. بەڵام ئەگەر تەماشای پەنجا ساڵی ڕابردووی ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە بکەین، لەوە دەگەین ئەم سیستەمە بۆتە مۆتەکەی مڕۆڤ.. بە نموونە؛ لەو کۆمەڵگایانەی دەستەباڵایە، مرۆڤی وەک کائینێک لە قاوغ داوە.. لە ھەموو رووحیەتێک دایماڵیووە.. لە ژێر چەتری ئازادی تاک.. مرۆڤی لە بەھا کۆمەڵایەتیەکان خاڵی کردەوە.. بۆیە داھاتوو درێژکراوی دۆخی ئێستا و دۆخی پێش کۆرۆنا نابێت.. داھاتوو.. جیھانی دوای قۆناغی (کۆڤید١٩)ـەیە، ئەم قۆناغە سەرەتای وەرزێکی نوێیە لە میژووی مرۆڤایەتی ئەگەر نەبێتە سەرەتای مێژوویەکی نوێ.
لێ بەرانبەر بەمەش سیستەمی شیوعیەت لە بەرگی چین لە مەیداندایە.. بەڵام بە ڕیفۆرمێکی جیاواز لە ڕابردوو، بەو واتاییە ئەگەر پێشوو شیوعیەتی سۆڤیەت و روسیا ڕابەرایەتی ئەم چەمک و سیستەمەی کردبێت.. ئێستا سیستەمەکەی چین ڕابەرایەتی شیوعیەت دەکات.. لێرەوە خاڵی وەرچەرخان لە داڕشتنەوە و دابەشکردنەوەی بەرژەوەندیی سیستەمەکان ئاڵوگۆڕی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت.. کە کاریگەری تەواو لەسەر کۆی جومگەکانی ژیانی مڕۆڤایەتی دروست دەکات.
ئەوەی حاشا ھەڵنەگرە لە پێکدادانی بەرژەوەندییەکان لە قۆناغی دوای کۆڤید ١٩.. جیھان جەنگ بە دیمەنە کلاسیکێکەی پێشوو بە خۆیەوە نابینی.. چونکە چەکی بایلۆجی دەبێتە جێگرەوەی ئامڕازەکانی جەنگی سەربازی.. ئیدی مڕۆڤ چاوەڕێی ھاتنەوەی تەرمی سەربازەکان لە بەرەکانی جەنگ ناکەن، بەڵکو سەربازەکان لە ناو ماڵەکان دەمرن.. ڕێک وەک تەکنەلۆژیای ٣D، مڕۆڤ لە ناو ژووری ماڵەوە دەبێتە سەرباز.. دەبێتە پاڵەوان.. دەبێتە خۆبەخش.
تەماشا بکەن.. بە پاساوی خۆپارێزی لە کۆڤید١٩ تەواوی مرۆڤایەتی لە کوچی ماڵەکان بەند کراون.. بەڵام لەم کۆت و زیندانیکردنە چ ھاتۆتە ئاراوە؛ خۆێندنی ئۆنلاین.. کاروباری ئۆنلاین.. سیستەمی تەندروستی ئۆنلاین.. و چەندانی تر.
واتا داھاتوو لە سیستەمە چاچنوکەی سەرمایەداری ترسناکتر دەبێت لەوەی ئێستا.. ئەمەی ڕوو دەدات پرۆڤەیەکە بۆ پلانێکی تری کەنارگیرکردنی مرۆڤ.. دەستپێکێکە بۆ بە ئۆنلاین کردنی زۆربەی کایە و کارەکانی ڕۆژانەی مرۆڤ و کۆمەڵگا.. بەمەش ئەم سیستەمە لە زۆری خەرجیەکانی دربازی دەبێت.
لێ شیوعیەتی چین وەک ڕکابەری سەرسەختی سەرمایەداری چی پێیە بۆ مڕۆڤایەتی.. ئەمە ئەو پرسیارە جدی و ناڕوونەیە.. کە کۆی مرۆڤایەتی بە دوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێت.. چونکە ڕابردووی ئەم سیستەمە لە بەرگی سۆڤیەت تاڵی زۆری بۆ مرۆڤایەتی ھێنا.. تا دەرئەنجام پاشەکشی گەورەی بە خۆیەوە بینی.. تاڵیەکانی ئەم سیستەمە لە رابەران و پیادەکارانی باڵایدا بوو.. کە وەک دیکتاتۆری خوێن و ئاسن مامەڵەیان کردووە.. بەڵام ئایا سیستەمەکەی چین بە ھەمان عەقڵیەتی زەبر و زەنگ بە ھانای مرۆڤایەتی دەچێت.
ئایندە وەڵامی زۆر شتی پێیە بۆ مرۆڤایەتی.. بەڵام ئەوەی حاشا ھەڵنەگرە، جیھان لە دوای کۆڤید ١٩، پێی دەنێتە قۆناغێکی نوێ و لاپەڕەکانی ئەم قۆناغە دادەخات.. بە جۆرێک قۆناغی دوای کۆڤید ١٩.. دەبێتە قۆناغی مرۆڤە دەمامکدارەکان.. بەو واتاییەی ئیدی جۆڕ و نرخی دەمامەکان، قەباری ھەڵمژینی ھەوا و ھەناسەدان بۆ مرۆڤەکان دیاری دەکات.. چونکە ئیدی ترس لە ڤایرۆس، بەکارھێنانی دەمامک بەکەلتور دەکات