رای تۆ
ئایا چارەسەر لەبەغدایە ؟


بەشەبەحاڵی خۆم ھیچ رۆژێک جیاوازیم لەنێوان ھیچ نەتەوەو مەزھەبێکدا نەکردوە، چەند ھاووڵاتیەکی کوردم خۆشدەوێت وەک ھاوزمانی خۆم، ھەمان خۆشەویستیم وەک مرۆڤێک بۆتورک و فارس و عەرەب ھەیە، وە تەمەنام دەکرد عیراق ببێتە عیراقی ھەمووان بەڵام بەداخەوە لەدوای ٢٠٠٣ ەوە کە قۆناغێکی تازەی سیاسی بوو، لەدوای ھەموو ئەو ھەڵبەزو دابەزینانە دەرکەوت عیراق ھی ھەمووان نیە.

وەک روونە لە چل ساڵی رابردوودا، بەھۆی ئەو شەڕو ململانێ سیاسانەی ھەبوون، ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتێک بووە ھێندە لەسەربازگەیەک چووە، ھێندە شێوەی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی نەبووە، بەھەر حاڵ ئەو سەربازگەیە روخاو سەدام و سەرانی لەناچوون، ھەرچەند ئەوە چاوەڕوانیەکی دڵخۆشکەرنەبوو، چونکە ھەزاران کەسی تر ھەن کە ھێشتا بەچاوی سەدام و بەعسیەکان لەکورد دەڕوانن، بەوانەشی کە خۆیان بەدۆستێکی نزیکی کورد زانیوەو لەساتە سەخت و دژوارەکاندا تاکە پەناگەیان ھەر کوردستان بووە.

ھەرچەند دەبوو پێشتر بیر لەوە بکرایەتەوە، بەڵام لەئێستاشدا ئەگەر ھەرێم بیەوێت کیانێکی بەھێزتربێت و چیتر دەرفەت بۆ ئەو فشارە بەردەوامانەی بەغدا نەڕەخسێنێت، دەبێت دەست بۆ رێکخستنەوەو شەفافکردنی چەندین سێکتەری گرنگی ئابوری ببات، بۆ روبەڕوبونەوەی فشاری دەرەوە دەبێت یەکەمجار ماڵی خۆت رێکبخەیت و لەناوخۆدا کێشەکان چارەسەر بکەیت، لەو پێناوەشدا دەبێت دەست بۆ چاکسازی ریشەیی بەرێت، وەک:

- رێکخستنەوەی داھاتی نەوت و خاڵە سنوریەکان و شێوە جۆراوجۆرەکانی داھات، ھاوکات شەفاف بێت لەگەڵ ھاووڵاتیاندا، ئەمەش وادەکات پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان، رێکخراوەکانی بواری شەفافیەت و چاکسازی چاوە کراوەتر بن و دڵنیایی زیاتر دروست بکات، و پشتیوانیەکی گەورەبن بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
- دەسەڵاتێکی ئیداری شەفاف ھەبێت، لەھەموو روویەکەوە بەشەفافی کار بکات و دەستی گەندەڵی و پاوانخوازی و دانانی کەسانی نەشیا رەتبکاتەوەو حکومەت بەرەو دامەزراوەیەکی تۆکمەتر بەرێت، تاکو خەڵک لەوە دڵنیابێت و لەکاتی قەیرانەکان و سەختیەکاندا پشتیوان و ھاوکاری حکومەت بن.

- لیستی موچە رێکبخرێتەوە، بەشێوەیەک ئەو ھەزاران ھەزار موچە خۆرانەی بندیوار دەربکرێن، رەوانیە فەرمانبەرێکی راستەقینە شەوو رۆژ لەدەوام بێت و دڵسۆزانە کارەکانی بکات و روبەڕووی مەترسی ببێتەوە، کەچی موچەکەی تەریب بێت لەگەڵ کەسانێک کە کەس نازانێـت لەچ شوێنێکی ئەم دنیایەن ھەمان ئیمتیازو ھەمان موچەیان ھەبێت و مانگانە یان ساڵانە لەرێگەی وەکیلەکانیانەوە موچەکانیان وەردەگرن.

- کۆی باج و داھاتە ناوخۆییەکان بەشێوەیەکی گونجاو لەچوارچێوەی پلانی ئابوری و دامەزراوەی رێکبخرێنەوەو پڕۆژەی چاکسازی کە تەواوی لایەنەکان خاوەندارێتیان کرد رێکبخرێتەوەو کار بکرێت، کە دەبێـتە ھۆی گەڕانەوەی داھاتێکی زۆر بۆ حکومەت.

- دەستی بەرپرسان و خەڵکی جۆراوجۆر لەدەست بەسەراگرتنی بازارو داھاتە سنوریەکان و بازرگانیە نایاساییەکان ببڕدرێت و پاوانخوازی و قۆرغکردنی بازاڕ کۆتایی پێبھێنرێت، ھاوکات بانکی ناوەندی ھەرێم ببوژێنرێتەوە.

ئەوەی پێویستە، حکومەت دەبێت راستگۆیانە ترو دامەزراوانەتر رەفتار بکات و بۆ ئەم مەبەستەش کەسانی شارەزاو لێزان بھێنێتە مەیدانەکەوە تاوەکو بەوتوێژو بەرنامەی تۆکمە دۆخەکە رێکبخرێتەوە، ناکرێت ھەموو جارێک خەڵک لەدڵەڕاوکێ و مەترسی بێت، بەزمی بەغدا تاکو بمانەوێت بەم شێوەیە، بۆ رەوینەی ئەو کێشەو مەترسیانە پێویستە خۆمان ماڵی خۆمان رێکبخەینەوەو بەربەستێکی گەورەبین.

بۆخۆم پێموایە کە ھەموو نەوت و گازی کوردستان رادەستی بەغدا بکەین، بەغداد رۆژێک لەرۆژان داوا دەکات بارەگاکانی ئەمن و ئیستخبارات بە شێوەی تر بێنەوە کوردستان، لەداھاتووشدا داوا دەکات بارەگاکانی حەشدی شەعبیش بەناوی مەنزومەی بەرگری بارەگاکانیان لەشوێنە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، لەبەر ئەوە نەفەسێک بەم جۆرە بیەوێت مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکات بێئەنجام لێی دەردەچین.

چارەسەرەکە تەنھا لەناوەوەیە، کەکورد دەبێت بەئیرادەی بەھێز چارەسەری کێشەکانی خۆی بکات، ئەو کارتەی لەدەستی بەغدایە دەربھێنێت و چیتر بەشداریمان لەبەغدا بەشداریەکی سیاسی بێت، لەماوەی رابردووشدا بەو ئیمکانیاتە کەمەی ھەبووە توانراوە لەھەرێم شتێک بینابکرێـت، بەڵام ئەوان کە زیاتر لە ٨٠% بودجەی عیراق بەدەستی بووە، نەیانتوانیوە گەشە بەناوچەکانی خۆیان بدەن، کاتێکیش بەراوردێکی ناوچەکانی ھەرێم و باشوری ناوەندی عیراق بکەیت دەبینینین کە پێشکەوتنەکان لەھەرێمدا باشترو گرنگتربوون، لەکۆتاییدا مەنتق نیە جوانیەکانی کوردستان لەگەڵ ئەو ناوچانە بەراورد بکەین، دەبێت داواو داخوازایەکان لەگەڵ داواو داخوازایەکانی خەڵکی کوردستان بەراورد بکەین، کە ئایا ئەوەمان کردوە، نەخێر بەگەورەیی نەخێر.

شێرکۆ میروەیس
ئەندامی ئەمجومەنی نوێنەرانی عێراق
1082 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/27/2020 5:30:23 PM
Print Friendly and PDF
زیاتر ...
تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ