قەیرانی موچەی ھەرێم و قسەیەکی نەوتراو
.
محمد حەکیم
ئەم قەیرانەی ھەرێمی تێکەوتووە، بەرھەمی سیاسەتی چەوتی حکمڕانییە، لەم رووەوە ھەر چەند بڵێن کەمە، بەڵام دەبێت ئەوەش بوترێت کە سەرانی بەغداش لایەکی گرفتەکەن، لە یادمانە عادل عەبدولمەھدی ھات وتی: من و ئەبو مەسرور بڕیارمانداوە ئیدی من بە ئەبو مەسرور و ئەویش بە ئەبو فڵان یەکدی بدوێنین، ھەروەک رازی بوو لە سەرەتای حوکمڕانییەکەیەوە پارە بنێرێت، دەیشیزانی نەوتی ھەرێم تەسلیم ناکرێت..
مەبەستمە بڵێم: ئەوانەی دەبنە سەرۆکوەزیرانی بەغدا، سەرەتا پێویستیان بە کوردە بە ھەموو شت رازین و دواتر لە ژێر فشاردا لە بەغدا پارەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رادەگرن .. بەڕاستی ئەوانە ھەلپەرست و گەمە بە مافی خەڵکی ھەژارو رەش و رووتی کوردەوە دەکەن، گەرنا راستگۆ بوونایە ھەر کە وتی ئەبو مەسرور، دەبو بڵێت جا رازی نابم و موچەی ھەرێم نانێرم تا نەوتەکە تەسلیـم نەکەن.
ھەرچی بڵێیت لە سەر حکومەت و ئەم حزبانەی ھەرێم و سیاسەتی ئابوری فاشلمان راستە، بەڵام دەبێ دیوێکی ئەو سیاسەتە ھەلپەرستەی بەرپرسانی بەغداش ببینرێت و لە نێوان ئەمان و ئەواندا، میللەتی ھەژاری کوردستان بونەتە قوربانی و مافی ئێمە بووەتە وەرەقەی فشاری رەوت و حزبە شیعەکانی عێراق بەرانبەر یەک، وەکو بڵێیت ھەر ئەم پارەیە لە بەلاش سەرف دەکرێت و باس لەو ھەموو ناحەقی و بە ھەدەردان و دزی پارەی عێراق، بە ناوی حەشدی شیعی وعەشایەری سوننەو تایفەو ومەراجع و جەماعەتی رەفحاو زۆری تر ناکرێت!
|