كێن ئەو كەسانەی زوو زوو نەخۆش دەكەون
یادگار کەرکوکی
زوو نەخۆش کەوتن گەلێک ھۆکاری لەپاڵە، راستە وەکو یەکەم ھەنگاو سەردانی دکتۆر دەکەیت، بەڵام پێویستە کە تێبینی ھەندێک شتی تر لە ستایلی ژیانتدا بکەیت کە لەوانەیە ھۆکار بن. ئەگەر زوو کۆئەندامی ھەناسەت تووشی نەخۆشی دەبێت لەگەڵ گیرانی لووت بەبێ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئەوا لەوانەیە کە ھەستەوەری Allergies ھۆکاری سەرەکی گرفتەکە بێت کە نیشانەکانی زۆر لە نیشانەکانی ھەڵامەتەوە نزیکن، ھەندێک جاریش لە نیشانەکانی رەبو نزیکن چونکە لەگەڵ تووشبوون بە سەرما و ھەڵامەت نەخۆش دوچاری ھەناسەتەنگی دەبێتەوە. ھۆکارەکانی تری زوو نەخۆش کەوتن بریتین لە: جگەرەکێشان کە ھۆکاری سەرەکییە بۆ نەخۆشییەکانی کۆئەندامی ھەناسە لەگەڵ ئەگەری کەمخوێنی، زیاد خواردنەوەی ئەلکھول، خۆراکی ناڕێک یان ناھاوسەنگ کە بەرگری لەش لاواز دەکات واتە ئەگەری نەخۆشی زیاتر دەکات، ئاستی بەرزی سترێس یان شەکەتی دەروونی کە بەرگری لەش بێھێز دەکات، خەمۆکی دەستنیشاننەکراو، پەیڕەونەکردنی پاکوخاوێنی بەتایبەتی شووشتنی دەستەکان پاش ئاودەست، کزبوونی چالاکی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism، ئەو نەخۆشییانەی کە بەرگری لەش دادەبەزێنن وەکو ئایدز و ھەوکردنی رۆماتیزمی جومگەکان. ھەروەھا بەردەوام نزیکبوونەوە یان بەرکەوتن بە کەسانی نەخۆش بەتایبەتی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی ھەناسە لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا ھۆکارێکی دیکەیە بۆ زوو نەخۆش کەوتن.
|