ژین کەرکوکی
عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بۆ موقتەدا سەدر دەڵێت، دوو رێگە ھەیە بۆ دەستلەکارکێشانەوەم، یان لە ٦٠ رۆژدا ھەڵبژاردن بکەین لەڕێگەی ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، یان ئەوەتا لەگەڵ عامری رێکبکەوە بۆ دروستکردنی کابینەیەکی نوێ.
ئەمڕۆ (سێشەممە ٢٩-١٠-٢٠١٩) عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پەیامێکیشی بۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر نارد و رایگەیاند "حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەری دۆخەکە ناکات و دەتوانن لەگەڵ ھادی عامری حکومەتێکی نوێ پێکبھێنن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی "ئامادەم بۆ دەستلەکارکێشانەوە، بەڵام بەپێی یاسا دەبێ پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە".
عەبدولمەھدی بە سەدر دەڵێت "لەگەڵ ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح رێککەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ لەبری ئەوەی داوای دەستلەکارکێشانەوە لەمن بکەی".
لەگەڵ بەردەوامی و فراوانبوونی خۆپیشاندانەکانی دژی گەندەڵی و ھەژاری و بێکاری و خراپی خزمەتگوزاری لە عێراق، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە عێراق دوێنێ دووشەممە داوا لە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بچێتە پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و کابینەکەی رابگەیەنێ و داوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە دەقی نامەی عادل عەبدولمەھدی بۆ موقتەدا سەدر بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە "داوات لێکردم بچمە پەرلەمان و لەوێوە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت رابگەیەنم لەژێر سەرپەرشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنێکی نوێی ھەڵبژاردن، من سوپاست دەکەم و رەنگە ئەم پێشنیازە دەرگەیەک بێ بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەی ئێستا".
ھەر لە نامەکەدا ھاتووە "ھەندێک ھەنگاو ھەن من دەتوانم بییاننێم و ھەندێکی دیکە ھەن پەیوەندیدارن بە لایەنی دیکەوە، ئەمە لە پاڵ ئەوەی تێبینی ھەیە لەسەر ھەڵبژاردنی ئەم پێشنیازە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە، بەس نییە من بچم بۆ پەرلەمان بۆ راگەیاندنی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، بەڵکو رێڕەوی دەستووری ھەیە لە مادەی ٦٤ دیاریکراوە و دەبێ سەرۆکوەزیران پابەندی بێ، چونکە ھەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە رەزامەندی سەرۆککۆمار ھەیە لەسەر داوای سەرۆکوەزیران بۆ ھەڵوەشاندنی پەرلەمان و راگەیاندنی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ماوەی ٦٠ رۆژدا".
عادل عەبدولمەھدی ئاماژە بەوەشدەکات "ئەمە بەبێ دەنگدانی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەدینایەت، واتا زۆرینەی ١٦٥ دەنگ، ئەوکات حکومەت بە دەستلەکارکێشاو ھەژماردەکرێت و دەبێتە کاربەڕێکەر، یاخود سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان واتا ١١٠ دەنگ داوایەک پێشکەشبکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەگەر پەرلەمان بە زۆرینە پەسندی بکات ئەوا ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ماوەی ٦٠ رۆژدا بەڕێوەدەچێ و حکومەت بە دەستلەکارکێشاو ھەژماردەکرێ و دەبێتە کاربەڕێکەر".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نامەکەیدا بۆ سەدر ئاماژە دەکات "ئێوە داوای بەشدارینەکردنی حیزبەکانی ئێستا دەکەن تەنیا ئەو حیزبانە نەبێ کە گەل لێیان رازییە، بەڵام کێ ئەو حیزبانە دەستنیشان دەکات کە گەل لێیان رازییە؟ چونکە دەبێ ئازادی و مافەکان بۆ ھەمووان دەستەبەربکرێن نەک دیدی کەسانێک دیارییان بکات، لە کۆتاییشدا سندووقی دەنگدان باشترین ئامرازە بۆ رادەربڕینی گەل".