سەدر داوای بایکۆتکردنی کاڵای ئەمریکی دەکات لە عێراق
ژین کەرکوکی
موقتەدا سەدر داوای داخستنی بە پەلەی باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات لەعێراق و دەشڵێت ھەر کەسێک لەداھاتوودا پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا ھەبێت پێویستە سزا بدرێت. موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای ھەڵوەشانەوەی رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ھاوپەیمانانی کردووە و جەختیشیکردۆتەوە ھێزەکانی سوپای عێراق دەبێت پارێزگاری لە سەروەری خاکی عێراق بکەن و سنورە وشکانی و ئاوییەکان بپارێزن، سەدر لە تویتەکەیدا، داوایکردووە بەپەلە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق دابخرێن و جگە لەوەش پارێزگاری لە باڵیۆزخانەی وڵاتانی تر بکرێت و بایکۆتی کاڵای ئەمریکی بکرێت. موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە، ھەر کەسێک پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ھەبێت بە تاوان دادەنرێت و پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، لەکۆتایشدا سەدر داوای دروستکردنی ھێزێکی بەرەنگاربوونەوەی نێوەدەوڵەتیشی کردووە.
|