حەکیم، مالیکی و هادی عامری لەبارەی جێگرەوەی عەدنان زەرفی رێککەوتون
ژین کەرکوکی
سەرچاوەیەک لە رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، سەرۆکی رەوتەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی یاسا و ھاوپەیمانی فەتح رێککەوتون کەسێکی دیکەی وەکو جێگرەوەی عەدنان زەرفی پێشکەشی سەرۆک کۆمار بکەن بۆ راسپاردنی بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ.
ئەو سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی "بغداد الیوم"ی راگەیاندوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتحدا رێککەوتون ئەو کەسەی رێککەوتنی لەبارەوەکراوە وەکو جێگرەوەی عەدنان زەرفی، "بە رێگەی دەستوری" پێشکەشی سەرۆک کۆماربکرێت.
تاوەکو ئێستا عەدنان زەرفی کشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی کابینەی حکومەتی نوێ رانەگەیاندوە
ھەرچەندە ئەو سەرچاوەیە ناوی ئەو کەسەی ئاشکرا نەکردوە کە ھەرسێ کوتلە دیارەکەی شیعە لەبارەی کاندیدکردنی ھاوڕابون، لە ھەمانکاتیشدا تاوەکو ئێستا عەدنان زەرفی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی کابینەی حکومەتی نوێ رانەگەیاندوە.
لە چاوپێکەوتنێکیشدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە کە بڕیارە ئەمشەو پەخشبکرێت، عەدنان زەرفی باس لەوەدەکات، "راسپاردنم بۆ سەرۆکایەتی حکومەت دەستورییە و بە گوێرەی متمانەیەکی فراوانی پەرلەمانی و سیاسی بوە، ئێمە لە ئێستادا چاوەڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەوەی وادەی کۆبونەوەی متمانەدان بە کارنامەی کابینەی نوێ و پۆستە وەزارییەکان رابگەیەنێت"
|