araste

 
 سۆشیال میدیا

سەرکردەیەکی پارتی ھۆشداری بە لاھوور جەنگی دەدات  |  29/03/2018

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ڕای دەگەیەنێت، لاھوور جەنگی ”دوایین کەسە مافی ئەوەی ھەبێت لەبارەی ژیانی خەڵکی کوردستانەوە قسە بکات“. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەھۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ”باسیشی لەنێو باساندا نەماوە“.

 

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بەداخەوە پرسی مووچە و ژیانی خەڵک لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە خراپ سوودی لێوەرگیرا و بۆ پروپاگەندەی سیاسی بەکارھێنرا، ئەوەی بینمان زۆرتر شیڕاندی و ھاواری کرد، مامۆستایان نەبوون، بەڵکوو سەلیم شووشکەیی بوو، ئەبوو ئەو کابرایە لە بەغدا ئەوەنە قەرەباڵغییەی بکردایە نەک ئێرە، ھەورەھا عەلی حەمەساڵحیش لە زاخۆ نەبوو، لە شوێنێکی دیکەبوو، بۆیە ئەم حزبانە درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن و نابێ مامۆستایانیش ببنە پارووی چەوری پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ ئەم حزبانە“.

 

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستە ڕوو:”لاھوور جەنگی ئەگەر زۆر ئازایە، با بچێت (بی ئێم)ە ڕەشەکان و ئەو ڕووداوانەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان ڕوودەدات، کۆنترۆڵ بکات، ھەروەھا لەبارەی ژیانی خەڵکەوە ئەو دوایین کەسە کە قسە بکات“. ئەوەشی نەشاردەوە کە بەھۆی خیانەتەکەی گرووپەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر داھاتی کوردستان بۆ نیوە کەم بووەتەوە و ژیانی خەڵک قورستر بووە.

 

عەلی عەونی جەختی لەوە کردەوە: ”لەبەر ئەو خیانەتەی خۆی، پوور و پورزاکانی و پاڤڵ تاڵەبانی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کردیان، ھەر باسیشی لەنێو باساندا نەماوە، چونکە پێشتریش خیانەتیان کردووە و دەرسیان وەرنەگرتووە“. دەشڵێت: ”خەڵکی ئێمە نە ئەوەندە ساویلکەیە ھەڵبخەڵەتێن، نە ئیشی ئەویشە، ھەروەھا دەبێ خەڵکی ئێمە تەداخولاتی لاھوور جەنگی ڕەت بکەنەوە و پێی بڵێن، ئێمە ئەگەر داواکارییەک و کێشەیەکمان ھەبێ، ئەوا تۆ نە گوتەبێژی ئێمەی، نە خۆمان ئەوەندە بێ دەم و زمانین پێویستمان بە کەسێکی خائینی وەک تۆبێت“.

 

ئاشکراشی کرد، ئەو فەوزا و پاشاگەردانییەی لە سلێمانی ھەیە، وای کردووە، کە ئیجرائاتی حکوومەتیش نەکرێ، دەنا ”دەبوو ئیستا لاھوور جەنگی لە دادگا بووایە و لێپرسینەوە لەبارەی خیانەتەکەی لێ بکرایە، کە چۆن کەرکووکی فرۆشت؟ چیت کرد؟ بۆچی وای کرد؟ چەندت لەبەرامبەر خیانەتەکە وەرگرت؟، کێ ھانی دای؟ کێ لەپشتت بوو بۆ ئەم کارە و لەگەڵ کێ کۆبوونەوەت کرد؟“.

ئەو سەرکردەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، ”بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی کاڵفامانی وەک لاھوور جەنگی“، یەکێتی کۆنتڕۆڵی سیاسی لە سلێمانی لەدەست داوە، گوتیشی: ”کۆنتڕۆڵی شار کەوتووەتە دەستی فەوزاچییەکانی گۆڕان، بەو ھۆیەشەوە یەکێتی ڕۆژ لە ڕۆژ بەرەو لاوازی دەچێت، بۆیە ئەوان سلێمانیشیان بۆ نەبووە و ئەیانەوێ بێنە ئێرە، وەک دەوترێ، ئەگەر بۆ من نەبێ، با بۆ تۆش نەبێ، بۆیە ئەیانەوێ ئەو فەوزایەی لە سلێمانی ھەیە، بیھێننە ئێرە“


2343 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

زیاتر

Copyrights . All rights Reserved@