ئاسۆ حاجی : ئەو دەرگایەی یەکێتی کردیەوە | 27/03/2022
ئاسۆ حاجی
یەکێتی ھەڵەیەکی کوشندەی بەرامبەر بەخۆی کرد، کاتێک لە ٢٠١٨ لە کۆ دەنگی کوردستانی دەرچوو، بە پاڵپشتی ئێران و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بەرھەم سالحی کردە سەرۆک کۆمار. ئێستا باجی ئەو ھەلەیەی دەداتەوە، ئێران و ھێزە وابەستەکانی ئێران ھەنوکە ئامادەن بە یەک (مەرحەبا)ی پارتی یەکێتی و کاندیدەکەی وەلابنێن.
یەکێتی بە تەواو خۆ یەکلایی کردنەوەی لە بەرەی ئێران، دووچاری فشاری جدیتر و گەورەتر دەبێتەوە، لە سەر ئاستی ناوخۆیی و ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، چونکە لەسەر ھەر سێ ئاستدا ئێران ھێزێکی قبوڵنەکراوە، لە سەر ئاستی ناوخۆیی کوردستان و عێڕاق ئێران بە ھێزی تێکدەر و داگیرکەری عێڕاق دادەندرێ، لە سەر ئاستی ئیقلیمی ئێران بە ھێزێکی شەڕانگێز و ترسناک دادەندرێ کە لە یەمەنەوە تا لوبنان ناوچەکی خستۆتە بەردەم ئایندەیەکی نادیار و مەترسیدار، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئێران ئەو وڵاتەیە کە چەندین گەمارۆی لە سەرەوە بە چەندین شێواز سزادراوە و وڵاتێکی نەویستە و لەلایەن وڵاتانی دیموکرات ئێران بە ئەندامێکی بەرەی شەڕ ھەژمار دەکرێ، بۆیە ئۆتۆماتیکیەن ئەو ھێز و لایەنانەی لە بەرەی ئێرانن لە سەر ھەر سێ ئاست ھەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، نموونەی حیزبوللای لوبنانی و حوسیەکانی یەمەن و حەماسی فەلستینی نموونەی ھەرە دیارن.
لە دۆخی ئێستای یەکێتیدا بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و پەکخستنی دانیشتنی پەڕلەمان تا بە ھەڵوەشاندنەوەی دەگات دادی نادات، چونکە ئەو بۆتە ئەو ستونەی کە نایەڵێ ئێران بکەوێ، بە پێچەوانەوە بە ھەموو ھێز و توانایەوە کار بۆ سەرخستنی ئێران دەکات، بۆیە لە مەودوا زیاتر گۆشەگیر بوون و دوورکەوتنەوە لە بازنەی بایەخی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی یەکێتی دەکات، لە سەر ئاستی کوردستانیش لە مەودوا دەبێ فۆکس و چەقی کارەکانی بەو ئاراستەیە بێت کە ھێزە سیاسیە نوێیەکانی وەک نەوەی نوێ بەڕەی سلێمانی لە ژێر پێ دەرنەھێنن و بە تەواوی بکەوێ، بە تایبەتیش کە چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی لیستەکان بۆ ھەڵبژاردنی کوردستان لە دەڤەری سلێمانی بگاتە سەرەوەی دە لیست، کە ھەموویان دەنگ و کورسیەکانی یەکێتی دەبەن، بە تایبەتیش کە ئەوجارەیان ھیچ ھێزێک ئامادە نیە ھەلەی بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە بکاتەوە و خۆی بە قوربانی ھەندێک دروشمی بێ ناوەڕۆکی یەکێتی بکات.
بە گوێرەی رووداو و پێشھاتەکان یەکێتی ماوەیەکی یەکجار کەمی لە بەردەم ماوە کە ئەو دەرگایەی بەسەر خۆیدا کردیەوە دایبخاتەوە، لەوە تەنھا ھێزێک بتوانێ ھاوکاری بکات پارتیە لە رێگای رێکەوتن دەربارە پرسگەلێکی گرنگ کە یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکە لەو پرسانە.
989 جار خوێندراوهتهوه
|