ماراسۆن بۆ دەباشان
لەوەتەی بافڵ تاڵەبانی جوڵەکانی دەستپێکردوەو لاھور شێخ جەنگی کەنارگیرکردوە، ماراسۆنێکی عەجیب دەستیپێکردوە ڕوەو دەباشان، لەم ماراسۆنەدا چەندینجۆر پێشبڕکێ دەبینین:
ـ کادر ھەیە دەستی توشی تەشەنوج بوە ئەوەندە وێنەی کاک لاھوری سڕیوەتەوەو بەشەرمەوە وێنەی مام جەلال دادەنێت.
- ئەندامی سەرکردایەتی ھەیە، سەعات ٣ی شەو ڕۆیشتوە بۆ دەباشان بۆ ئەوەی کاک بافڵ ببینێتو بڵێ من لەگەڵ تۆمو ئەوەی پێشوو ڕاستنەبوم کە کۆیلەو دەستەپاچەی بەردەمی کاک لاھور بوم.
ـ ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەیە سەعات دووی شەو نۆرەی بەرکەوتوە تا بەیعەت بدات بەدڵسۆزی بۆ ماڵی مام جەلالو پەشیمانبونەوە لەوەی کە شوێن کاک لاھور کەوتوە.
پەند:
گرنگە ھەردوو کاک (بافڵو لاھور) تێبگەن کۆنگرەی چوارەم چ کارەساتێک بوو بۆ ئەم حزبە، کارەساتێک کە ھیچ لەشەڕی حزبە ڕکابەرەکان بەیەکێتی نەکردوە.
ـ تێبگەن چ کادرو کەسانێکیان بردۆتە سەرکردایەتی کە بایی پوشێک وەلائیان بۆ شکۆی خۆیان نییە ئیتر بۆ ئەوان چۆن ئەیانبێ.
ـ گرنگە بافڵ تاڵەبانی درک بکات، ئەو کادرو سەرکردانەی دێن بەیعەتی پێدەکەن، چۆن لاھورو خۆیشیان فرۆشت، سبەی بەنرخێک زیاتر بافڵو خۆیشیان دەفرۆشنەوە.
گرنگە بافڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی تێبگەن:
ـ خەڵک چاکسازییو ڕێکخستنەوەی ئیدارەی سلێمانیو زۆنی سەوزی دەوێت، دەیەوێ ژیان لەم ناوچەیە ئاسایی بێتەوە، ئەگەر ئەوەبکەن ئەوا یەکێتیش دەبوژێتەوە، ئەگەرنا نەک لاھور شێخ جەنگی، بگرە تەواوی ١٢٤ سەرکردایەتیەکە (بەداخەوە ناویان سەرکردایەتییەو ھەندێکیان تەنانەت ھی مەیتەریو حاشیەش نین) لاببرێن ھیچ گرنگ نیە، چونکە لەبنەرەتدا بەشێک لەو سەرکردایەتییە پەشمو پەڵەی گەورەیان ھەیەو ھی ئەوە نەبون بکرێن بەکادری ئاساییش، بەڵام ڕوی تەکەتولو پارەو ساختەکاری ڕەش بێت ئەوان سەردەخاتو کەسانی پاک وەلا دەخات.
چاوەروانین بزانین: بافڵ تاڵەبانی تەنھا خۆی دەکات بەژمارە یەک، یاخود یەکێتی دەباتەوە سەر ڕێگەیەکی تەندروستو خۆیشی شانازی تۆماردەکات ئەگەر پلە یەکیش نەبێت، بەڵام دەبێت سەرەتا ئەوە بزانێت، بەشدارانی ماراسۆنەکەی دەباشان، تەنھا گیرفانیان ھەیەو لەمێژە مەبدەئیان گۆڕیوەتەوە بەمەبلەغو سودیان بۆ خۆیان نەبێ بۆ کەسیان نییە.
ژوان ئەحمەد سەعید