لە کاتێکدا دوێنێ سەرکردەی دیاری پەکەکە موراد قەرەیڵان رایگەیاند" ئەگەر ئۆردوغان شەرەفی ھەیە با بێتە قەندیل، ئەمڕۆ ئۆردوغان وتی" قەندی دەروخێنین.
پێدەچێت ئاکەپە بەسەرۆکایەتی ئۆردوغان لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی دەنگدان کە ٢٤ ی حوزەیرانە لێدوان و ھێرشەکانیشی بۆ سەر قەندیل و برادۆست و ناوچەکانی تری ھەرێم توندتربکات، لەدوا لێدوانیدا دەڵێت " قەندیل دەروخێنین".
ئاژانسی ئاندۆڵ بڵاویکردەوە، سەرۆکی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند، "لە ھێرشێکی نوێدا دەستەی سەرکردایەتی پەکەکەمان لە کاتی کۆبوونەوەدا کردە ئامانج". وتیشی: "لە قەندیل ١٠ خاڵی گرنگمان بۆردومان کردووە".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا، کە لە شاری (ئورفا) بۆ لایەنگرانی پارتەکەی رێکخرابوو، وتارێکی ئاراستە کرد.
لەو وتارەدا ئەردۆغان وتی: ""لە قەندیل ١٠ خاڵی گرنگمان کردووەتە ئامانج. ھەروەھا لە ئۆپەراسیۆنێکی تازەدا سەرلەنوێ دەستەی سەرکردەی قەندیلمان لە میانی کۆبوونەوەدا کردە ئامانج".
وتیشی: "رۆژانی لەناوبردنی سەرچاوەی فیتنەی تەنیشت ئورفا نزیکە. رەنگە کەسانێک ھیوایان بە کەسانێکی دیکە بێت، بەڵام ئێمە دەمێکە لەو رێگەیەمانداوە. ئێمە دەزانین کە چارەسەری ئەو بابەتە بوونمانە لە مەیدانەکەدا. لەبەرئەوە بەڵێنتان پێدەدەین کە بەھێزی خۆمان ئاسایش و ئارامی لەودیو سنوور بەرقەرار بکەین. نۆرەی ئەو شوێنانەش دێت کە لە نزیک ئورفاوەن. بە پشتیوانی خوا و دواتر گەلەکەمان لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو ناوچانەش لە تیرۆریستان پاکدەکەینەوە و رادەستی خاوەنە راستەقینەکانیان کە عەرەب، کورد و تورکمانەکانن دەکەینەوە".
ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، تورکیا خەریکی کاری نوێیە لە سووریا و وتی: "لە ئێستادا زانکۆی حەڕان، وەقفی مەعاریفی تورکیا و دامەزراوەی خوێندنی باڵا پێکەوە لە ئەلباب (باکووری سووریا) کۆلێژی زانستە پراکتیکییەکان دەکەنەوە".
لە وتارەکەیدا، ئەردۆغان ھێرشیکردە سەر پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی (ھەدەپە) و وتی: "ئەو پارتەی کە یاریی دەستی رێکخراوی جوداخوازە، پێشتر فەرمانەکانی لە قەندیل وەردەگرت، ئێستا ئەوێش بەسەریاندا دەڕووخێنین. دەستمان بە دابەزین بۆ ئەوێ کردووە. با بزانین رێنماییان لەسەر کام شاخەوە بۆ دێت؟".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەو کەسانە کرد کە دەنێردرێن بۆ ئەنقەرە بەناوی پەرلەمانتارەوە و وتی: "لە پشت ئەوەی پێی دەگوترێت پەرلەمانتار کە ناردوویانن بۆ ئەنقەرە چی دەردەچێت، ئالودەبووانی ماددە ھۆشبەرەکان دەردەچێت، ھەموو جۆرە سێبەرێک ھەیە تا قاچاخچێتی چەک. ئەو کەسانەی کە ھێناویانن وایە سەرۆک شارەوانین جگە لەوە شارەکانیان پڕکرد لە پیسی و خۆڵوخاشاک ھیچ شتێکی دیکەیان نەکرد. خوا کردی قەیوومی سەرۆک شارەوانییەکانمان ھاتن و شارەکانمان خزمەتیان پێگەیشت".
دوێنێ موراد قەرەیڵان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی وتی "ئەوان وادەزانن بۆ ھەر کوێ بیانەوێت دەتوانن بڕۆن، بەڵام ئەوە راست نییە و ناتوانن، چونکە ئێمە دەولەتی تورک بە باشی دەناسین. ئەوەش دەزانین کە لە رووی سەربازی و رووەکانی ترەوە ھێزیان لە ئاستێکدایە. ئێستا پڕوپاگەندە دەکەن و دەڵێن، دەڕۆین بۆ قەندیل، باشە ئەگەر ئەوان بچن بۆ قەندیل دەزانن رووبەڕووی چی دەبنەوە؟ ھاتن بۆ قەندیل ئاسان نییە".
قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو "دەوڵەتی تورک بە تەنھا خۆی بە ئێمە ناوێرێت. ئەزموونی ٣٥ ساڵ ئەوەی سەلماندووە. دەیانەوێت بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان ئەنجامێک بەدەست بھێنن، بۆیە ناچارن ھەندێک کەس و لایەن لە خۆیان کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش دەیانەوێت ھەندێک کورد لە خۆ بگرن. بۆ نمونە، لە عەفرین چەتە عەرەبەکانیان لەخۆ گرت، چونکا سوپای تورکیا ھێزێکی جێگرەوەی لەگەڵ نەبێت ناتوانێت شەڕ بکات".
موراد قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی "یانی ئەگەر ھێزەکانی باشووری کوردستان ھاوکارییان نەکەن، ئەوا سوپای تورکیا ناتوانێت ھیچ بکات. ئەگەر ھاوکارییان بکەن – ئەوەی کە ئێمە نامانەوێت رووبدات – پێشتریش و لە کاتی خۆیدا ھاوکارییان کردبوون، بەڵام دیسانەوە ناتوانن ئەنجام بەدەست بھێنن. دەبێت پێش ھەموو شتێک ئەوە بڵێم، ھێرشکردنە سەر قەندیل رێگا بۆ شەڕێکی گەورە خۆش دەکات و ئەو شەڕەش شەڕێکی ئاسان نابێت".
موراد قەرەیلان ئەوەشی وت "بە بەردەوامی دەڵێن، ئێمە دەڕۆین بۆ قەندیل، بەڵام ھاتن بۆ قەندیل یان شەنگال ئاسان نییە. پڕوپاگەندە بۆ ھەڵبژاردن دەکەن. ھەوڵ دەدەن وا خۆیان نیشان بدەن، کە بەھێزن. ئەردۆغان درۆی گەورە دەکات و دەڵێت 'من لە دژی پەکەکە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەم و کۆتایی بە پەکەکە دەھێنم و کۆتایی بە ھەڕەشەکانی سەر تورکیا دەھێنم' ئەگەر ئێو دێن بۆ قەندیل فەرموو بێن، بەڵام درۆ دەکەن و ناتوانن. ئەگەر نەیەن ئەوا بێشەرەفن. ئەگەر ئەردۆغان شەرەفی ھەیە ئەوا دێت بۆ قەندیل. پڕوپاگەندەی زۆرە دەکەن لەبارەی ھاتنیان بۆ قەندیل، بەڵام من دووبارەی دەکەمەوە، ئەوەی نەیەت بێشەرەفە. باشە وا دەزانن ھاتن بۆ قەندیل ئەوەندە ئاسانە؟ ئەوەیان کردووە بەبابەتی پڕوپاگەندە بۆ خۆیان".