رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا سەرکەوتنی گەورەی لە مێژووی تورکیادا لەنێوخۆ و دەرەوە تۆمارکرد، ئێستا کار و پرۆژەکانی رووە و لێژییە، وردە وردە خۆری ئەردۆغان ئاوا دەبێت.
پارتی دادوگەشەپێدان کە ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکیەتی، لە دوای ھاتنەسەری کاری حزبەکەی لە دوای ٢٠٠٠وە کۆمەڵێک ھەنگاوی گرنگی ھاوێشت، کە لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە گرنگی مێژووییان ھەبوو بۆ تورکیا.
ھەنگاوەکانی ئەکەپە لەنێوخۆی تورکیا
ئاکپارتی توانی سیستمی پەرلەمانی تورکیا بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی.
سنوورێک بۆ سوپا و فەرماندە سەربازییەکان دابنێت کە ھەر دەسەڵاتێکیان بەدڵ نەبوایە بە کودێتا دوریان دەخستەوە و سوپای خستە ژێر فەرمانی خۆیەوە بەتایبەت لە دوای ھەوڵی کۆدێتاکەی ساڵی ٢٠١٦.
گەڕاندنەوەی رۆڵی ئاینی ئیسلام بۆ تورکیا دوای زیاد لە ٨٠ ساڵ لە ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی رۆڵی ئاین لە ئەم دەوڵەتەدا لەلایەن حکومەتەکانەوە و لاوازکردنی حزبە چەپ و نەتەوەییەکان و گەیشتووەتە ئەوەی ئەردۆغان بە سوڵتانی نوێی عوسمانی پێناسە بکرێت.
ئەردۆغان نەک ھەر لەنێوخۆ بگرە لە دەرەوە و لە ناوچەکەش ھەنگاوی گرنگی ناوە، تورکیا رۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەی ھەیە لە ھاوکێشەکاندا و دەستی درێژکردبوو بۆ زۆر وڵاتی وەک سوریا، عێراق، لیبیا، سوماڵ، یەمەن، ئازەربایجان، ھەوڵی زێدەڕۆییشی دەدا لە خۆرھەڵاتی دەریای نێوەڕاست بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوەکانی وزەدا.
پاشەکشەی ئەردۆغان
ئەردۆغان دوای ئەوەی بووە سەرۆک کۆمار و سەرکەوتووبوو لە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی ھەنگاوەکانی خێراتر کرد، بەڵام ئەم ھەنگاوانەی دواجار ئەردۆغانیان دۆرپێچ کرد.
بەشێکی زۆری ئەوانەی پێشتر لە سەرکەوتنی ئاکپارتی و خودی ئەردۆغاندا ھاوکارببوون بوونە نەیاری ئەمڕۆی ئەردۆغان وەک فەتحوڵڵا گولەن کە تۆمەتبارە بە کودێتاکەی ٢٠١٦ و بە تیرۆرست ناسراوە لەلایەن تورکیاوە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی بابا جان کە دوو سەرکردەی دیار و ھاوکاری ئەردۆغان بوون، ئێستا حزبی خۆیان دروستکردووە و بوونە ئۆپۆزسیۆن.
کورد و جەھەپە، نەیار و دوژمنەکەی دوێنێ بوونە دۆست و ھاوپەیمانی ئەمڕۆ و توانیان لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ئیستەنبوڵ لە بن دەستی ئاکپارتی دەربھێنن و ئەگەریشی ھەیە بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی گورزێکی کوشندە لەئەردۆغان بدەن و ئاکپارتییان ناچارکردووە ھاوپەیمانی لەگەڵ مەھەپەی نەتەوەپەرستدا بکات.
ئەردۆغان دەیەوێت لە ئێستا لە بەڵای ھەدەپە رزگاری بێت بۆیە ھەوڵیدا لە رێگای داواکاری گشتییەوە حزبەکە دابخات، بەڵام دادگا رەتیکردەوە، ئەمە سەرباری گرتن و زیندانیکردنی دەیان سەرکردە و ئەندام پەرلەمان و سەرۆک شارەوانییەکانی ھەدەپە.
قەیرانی دارایی و داکشانی بەھای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و ھەڵکشانی بێکاری و قەیرانی کۆرۆنا و ھەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان بەتایبەت لەسەر ھەوڵی دروستکردنی نۆکەندی ئیستەنبوڵ و کشانەوە لە رێککەوتنی تایبەت بە ژنان بەرۆکی ئەردۆغانیان گرتووە.
شکستی سوپا و ھەواڵگری تورکیا لە گەڕاندنەوەی ١٣ دەستگیرکراوی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی گارەدا کە ھەموویان کوژران و توڕەبوونی نێوخۆی تورکیای بەدواداھات.
ئەمە لەنێوخۆدا، لە دەرەوەشدا فشارەکانی سەر ئەردۆغان زیادیانکردووە بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر بابەتەکانی مافی مرۆڤ و رادەربڕین و سیستمی ئێس ٤٠٠ و خۆرھەڵاتی دەریای نێوەڕاست و زۆری بابەتی دیکە، بایکۆتکردنی بەرھەمی تورکی لە ھەندێک وڵات وەک سعودیە.
ھەوڵی کودێتای نوێ
لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک فەرماندەی ھێزی دەریایی خانەنشین راگەیەندراوێکیان لە دژی ئەردۆغان بڵاوکردەوە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەکیان دەرچوو، ئەردۆغان گوتی بەیاننامەکەیان بۆنی کودێتای لێدێت.
چاودێران بە پشت بەستن ئەم پێشھاتانەدا خوێندنەوەیان بەجۆرێکە ئایندەی ئەردۆغان و حزبەکەی باش نابێت، بەتایبەتە لە ھەڵبژاردنەکانی ئایندە و دواین ھەوڵەکانی ئەم حزبە بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا.