داتا کۆمپرێسین چیە ؟ لەسەر چ بنەمایەک کاردەکات ؟
پەستاندنی فایل یان بچوککردنەوەی قەبارەی فایل بەھۆی پەستاندنەوە یاخود گۆڕینی جۆری فایلەکەوە یەکێکە لە تایبەتمەندیە ھەرە نایابەکان کە لە ئەندازەی پێکەوە بەستن و گواستنەوەی داتادا گرنگیەکی ئێجگار گەورەی ھەیە سەرەڕای ئەرشیف کردن و کۆکردنەوەی بەسەدان جۆری جیاوازی فایل .
ئەگەر تۆی بەکارھێنەر بتەوێت فایلیک یان جۆرێکی تایبەت لە داتا بپەستێنیت دەبینیت لە کاتی بەکارھێنانی بەرنامە جیاوازەکانی ئەم بوارەدا جیاوازی ڕون و ئاشکرا دەبینیت لە قەبارەدا، ھاوکات لە جۆرێک بۆجۆرێکی تری داتا قەبارەی پەستێنراوەکەش دەگۆڕێت، ھەندێک جاریش گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە قەبارەی پەستینراوەکەدا ڕونادات!
داتا کۆمپرێسین لەسەر چ بنەمایەک کار دەکات ؟
داتا کۆمپرێسین لەسەر دوو بنەمای گرنگ کار دەکات کاتێک ھەوڵی بچوککردنەوەی فایلێک دەدەیت ئەوەش یەکەم سڕینەوەی زانیاری زیادە وزانیاری ناپێویستە دووەم وەرگرتنی ھاوبەشە لە نێوان داتاکاندا ، ئەم بیرۆکەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کاتێک تۆ داتایەک دەپەستێنیت ئەوا تۆ مەبەستە قەبارەکەی بچوک ببێتەوە ئەوەش بەھۆی چەند بەرنامەیەکی ناوداری ئەم بوارەوە وەک (وین ڕار و زیپ) و چەند جۆرێکی تریش ھەر ھەمان بیرۆکە بەکار دەھێنن و ھەڵدەستن بە سڕینەوەی زانیاریە ناپێویستەکان و وەرگرتنی ھاوبەش لە نێوان داتا لێک چووەکاندا.
دوو جۆری سەرەکی لە پەستاندن ھەیە :
جۆری یەکەم ناودەبرێت بە Loss Data Compression)) مەبەست لەم جۆرە پەستاندنە ئەوەیە کاتێک داتایەک بە بەرنامەیەک دەپەستێنین یان جۆرەکەی دەگۆڕین لەوانەیە بەشێک لە پێکھاتەکانی لە دەست بچێت و لەکاتی کردنەوەی ئەو فایلەدا بۆ باری ئاسایی (ھەندێک جاریش ناکرێت بگەڕێنرێتەوە) %٨٥ بۆ %٩٠ ئەو داتامان دێتەوە بەردەست بەڵام لە زۆربەی جارەکاندا ئەو لەدەست چوونە گرفتێکی گەورە بۆ داتاکە دروست ناکات ھەندێک جار ئەو لەدەست چوونە بریتی دەبێت لە دابەزینی کەمێک لەکوالیتی ئەو داتایە ئەمەش بەتەواوی لە بەرھەمەکانی موڵتیمیدیادا دەرکی پێدەکرێت وەک فایلی وێنەیی و فایلی دەنگی و فایلی ڤیدیۆیی، بۆ نمونە ئەگەر سەرنج لە بەرھەمێکی وێنەیی جۆری (BMP) بدەین و پاشان بەبەرنامەیەک یان بە نیشاندەری سەرەکی وێنە لەبەرھەمەکانی مایکرۆسۆفتدا ئەو جۆرە بگۆڕین بۆ (GIF) کە ئەمەش جۆریک پەستاندنە دەبینین ھەمان وێنەیە پاش گۆڕینی جۆرەکەی بەڵام کوالیتیەکەی گۆڕاوەو لەگەڵ باری یەکەمیدا جیاوازی زۆرە ھاوکات سەرنج لە جیاوازی قەبارەشیان بدەن دەبینین جیاوازە واتە لەجۆری دووەمدا ئەم وێنەیە نیوئەوەندە یان کەمتری قەبارەی پێش گۆڕینی جۆرەکەیەتی وە بەھەمان شێوەش ئەم بیرۆکەیە ڕاستە بۆ فایلە دەنگی و ڕەنگیەکان.
جۆری دووەم ناودەبرێت بە Lossless Data Compression لەم جۆرەدا پەستاندن تەنھا کار لە سەر وەرگرتنی ھاوبەش دەکات لە نێوان داتاکانداو بە ھیچ جۆرێک زانیاری سەر داتاکان ناسڕێتەوە ھەر بۆیە زۆر جار لەم جۆرە پەستاندنەدا جیاوازیەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت لە نێوان داتا بنەڕەتیەکەو داتا پەستێنراوەکەدا ئەم جۆرە بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە کۆکردنەوەی داتاکان لە فایلێکی جۆری (exe) سودی لێوەردەگیرێت ، بەگشتی ئەم جۆرە پەستاندنە ھیچ کاریگەیەکی ئەوتۆی نیە لەسەر فایلە نوسراوەکانی وەک بەرھەمەکانی ئۆفیس.
لە ئێستادا کۆمەلێک بەرنامە لەم بوارەدا پێشەنگن بەجۆرێک بوون بە پیویستیەکی بنەڕەتی ھەموو کۆمپیوتەرێک بۆ نمونە (وینڕار) ئەم بەرنامەیە ناسراوترین بەرنامەی بواری پەستاندن و کردنەوەو کۆکردنەوەی داتا جیاوازەکانە ، ئەم بەرنامەیە بە دوو شێوازی سەرەکی کارەکانی ڕادەپەرێنێت جۆری یەکەم خێرایە چ لە پەستاندندا و چ لە کردنەوەی پەستێنراوەکەدا بەڵام بەگشتی کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر بچوککردنەوەی داتاکان نیە ئەوەش بارێکی ئاسایی بەرنامەکەیە ، بەڵام ئەگەر کەمێک دەستکاری تایبەتمەندی بەرنامەکە بکەیت جۆری دووەم دێتە بەرھەم کە لەم جۆرەدا بەکارھێنەر توشی سەرسامی دەکات ، بۆ نمونە ئەگەر داتایەک یان فایلێک ٤ گێگا بێت بەم ڕێگایە بپەستێنرێت قەبارەی بۆ ١٠ تا ١٥ میگابایت بچوک دەبێتەوە بێ ئەوەی ھیچ لە کوالیتی و تایبەتمەندیەکەی لەدەست بدات ، بەڵام کیشەی سەرەکی لەم ڕێگایەدا ئەوەیە کە زۆر بەخاوی کارەکە دەکات کە لەوانەیە بۆ پەستاندنی فایلێکی چوار گێگای ٤٥ خولەکی پی بچێت ھاوکات بۆ کردنەوەو دەرھێنانیشی ھەر بەھەمان شێوە کاتی زۆری دەوێت