د. سەنگەر سەید قادر
بەڵگەنامە دزەپیکراوەکان کەلە ٧٠٠ لاپەڕە پێکدێت و چەندین نھێنی گرنگ و مەترسیداری تێدایە لەسەر سیخوڕەکانی ئێران لە عێراق و چۆنییەتی دەستبەسەراگرتنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە.
بەڵگەنامەکان ئەفسەرێکی پلەباڵای دەزگای ھەواڵگری عێراق دزەی پیکردووە کە پێشتر ئەفسەری دەزگای ھەواڵگری بەعس بووەو دواتر کاری بۆ دەزگای ھەواڵگری ئەمەریکا و ئیتلاعاتی ئێران کردووە.
کورتەیەک لە ناوەرۆکی بەڵگەنامەکان:
١- ئێران خاوەنی شەبەکەیەکی فراوانی سیخوڕە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کە دەستی بەزانیاری گرنگ و ھەستیار دەگات.
٢- بەپێی بەڵگە نامەیەک سەرۆک وەزیرانی پێشووی ھەرێمی کوردستان کاری بۆ ئێران کردوەو لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٤ کۆبونەوەیەکی نھێنی ھەبووە لە نێوان حەیدەر عەبادی و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ئەمەریکی و بەریتانی دا، بەڵام دوای کۆبونەوەکە ڕاستەخۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوی ھەرێم گەشتی کردوە بۆ ئێران و ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێران.
٣- لەکاتی ڕیفراندۆمدا ئێران تۆڕە ھەواڵگرییەکانی چالاک کردوەو چەندین بەرپرسی ئیدارەی سلێمانی لە ڕێگەی پێدانی بەڵێن و مامەڵەی بازرگانییەوە کڕیوە بۆ شکست پێھێنانی ڕیفراندۆم.
٤- لە پرسی داگیرکردنی کەرکوکدا ٤ بەرپرسی باڵای یەکێتی نیشتمانی لە ٢٠١٧/١٠/١٤ لەگەڵ قاسمی سلێمانی دا لە ناوچەیەکی نزیک سلێمانی کۆبونەتەوەو ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی سوپای عێراق بێتە کەرکوک بۆ کۆتایھێنان بە دەسەڵاتی پارتی لەو پارێزگایەو دواتر نەوت و بەڕێوبردنی پارێزگاکە بخرێتە ژێردەسەڵاتی ئەو کەسانەو نەوتی کەرکوک لە بری تورکیا لە ئێرانەوە ھەناردە بکرێت.
٥- ئێران لە ڕێگای کرینی ھێزی نەرم(soft power) چەندین نوسەر و لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ و چالاکانی سۆشیاڵ میدیای بەکار ھێناوە بۆ شتنەوەی مێشکی ھاوڵاتیان و پتەوکردنی پێگەی جەماوەری خۆی.
٦- لە عێراق، ھەریەکە لە عادل عبدالمەھدی و بەیان جەبری وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق و سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان و ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق وەک سیخور کاریان بۆ ئێران کردووە.
٧- ئێران چەندین سیخوری پێشووی دەزگای ھەواڵگری ئەمەریکای لە عێراق بەلای خۆیدا ڕاکێشاوەو کاری پێکردوون بۆ زانیاریدان لەسەر جموجوڵی ئەمەریکا لە عێراق.
٨- حاتم قەسوسی، سەرۆکی پێشوی دەزگای ھەواڵگری عێراق وەک سیخور کاری بۆ ئێران کردووە.
٩- لە سوریا و عێراق و لوبنان باڵوێزەکانی ئێران، سوپای پاسداران دایان دەنێت و وەک ناوەندێکی ھەواڵگری کاری کاردەکەن نەک باڵوێزخانە.
١٠- بەرپرسانی فەیلەقی قودس و کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە ساڵی ٢٠١٤لە ئوتێلێکی تورکیا کۆبونەتەوە بۆ ڕێکەوتن و دروستکردنی پەیوەندی کارکردن دژی سعودیەو وڵاتانی کەنداو لە ناوچەکەدا، بەڵام ئیخوان دواتر بەھۆی بێ متمانەییەوە بە ئێران پاشگەز بووەتەوە.
١١- بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمەریکا لە بەرامبەر ئێراندا شکستی ھیناوە لە ناوچەکەداو ئێران بەتەواوی دەستی بەسەر عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەندا گرتووە.
١٢- ئێران زۆرینەی کۆبونەوەکانی لەگەڵ سیخورەکاندا لە دەەرەوەی شوێنی کار و لە مۆڵ و گەشتی ڕاو و ئاھەنگەکانداو لە شوێنی دورەدەست ئەنجامداوەو لە ژێر ناوی زەعفەران و فوستق و دیاری بچوکدا پارەی کاشی داوە بە سیخوڕەکان.
١٣- بۆ بەرپرسانی پلەباڵای عێراقیش لە بری پارە لە ڕێگەی مامەڵەی بازرگانییەوە پارەو ھاوکاری پێداون.
ئەوەی جێگای سەرنجە کە زۆرینەی سیاسیەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ڕۆڵی ھەواڵدەر دەگێڕن و نوخبەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیش سەرقاڵی گەوجاندن و مێشک شتنەوەی ھاوڵاتیانن لەپێناو بەرژەوەندی مادی خۆیاندا.
سەرنجێکی تریش ئەوەیە کە ئەمەریکا بە وردی چاودێری سوشیاڵ میدیا و دیجیتاڵ میدیا و نوخبەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەکات، ئەمە وەک کارێکی ڕۆژنامەوانی سەیر بکەن نەک ناوزڕاندن.