araste

 
 ئابوری

لەسەر ناردنی مووچە لەبەغداوە روونکردنەوە دەدرێت  |  30/03/2019

بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند "بڕیارە ئەم ھەفتەیە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان خەرج بکرێت".

عابد مزوری، بەڕێوەبەری گشتی لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاگەیاند: "بڕیارە لەم ھەفتەیە بڕیاری خەرجکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بدرێت و پارەکە بدرێتە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری گشتی لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق بۆ ماڵپەڕی "باس" روونیشیکردەوە، مانگی رابردوو لە ٤ی مانگ پارەکە رەوانە کرا، پێدەچێت ئەو مانگە زووتربێت، وتیشی:" ئێمە لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی پارەمان ھەیە، بەڵام چاوەڕوانی بڕیاری خەرجکردن دەکەین، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری تەمویلکردنەکە ھات ئێمە پارەکە خەرج دەکەین کێشەی نییە".

عابد مزوری دووپاتی دەکاتەوە، دوای گەیشتنی بڕیاری تەمویلکردنەکە پارەی کاش بۆ وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان دەنێرن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێ تەواو بکرێت.

بەگوێرەی بودجەی ٢٠١٩ی عێراق مانگانە عێراق ٤٥٤ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و ٦٨ ملیار دیناری مانگانەش بۆ پێشمەرگە دەنێردرێت کە کۆی پارەکە دەکاتە ٥٢٢ ملیار دینار.


1528 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

زیاتر

Copyrights . All rights Reserved@