ئەنوەر محەمەد میرزا ناسراو بە مام ئەنوەر کوڕی حەمەی میرزایە کە یەکێک بووە لە مقاولە ناودارەکانی شاری سلێمانی لە دیمانەیەکی تایبەتدا باس لەو ڕیکلامە دەکات کە تیایدا دەرکەوتووە بۆ عارەقی گوڵنار کە ماوەیەکی زۆر ڤیدیۆیی ئەم ڕیکلامە لەنێوان بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاڵوگۆڕی پێ دەکرا.
مام ئەنوەر دەڵێت " ڕیکلام کارێکی خۆشە و من لەگەڵ شنە حەسەن ڕیکلامێکم کرد بەڵام لە ڕیکلامی عارەقی گوڵنار زیاتر ناسرام و خۆی لە بنەڕەتدا بۆ ڕیکلام ئەو ڤیدیۆیەمان تۆمار نەکرد بەڵام ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی تۆمارکرد بۆ ڕیکلام بەکارھێنا و نازانم بۆ ئەو کارەی کرد و تەنھا وەک نواندێک بۆ خۆشی ئەو کارەمان کرد و لەو کاتەشدا من لە خواردنەوەی مەی دوور کەوتبومەوە"
دەشڵێت" بەھۆی پتەوی پەیوەندی کۆمەڵایەتیەتیم لە تەواوی کوردستان من کەسێکی ناسراوم ، بەڵام بەھۆی ئەو ڕیکلامەوە زۆرێک لە خزم و کەسەکانم لێم زویر بوون و ناتوانم وەک کەسێکی ئاسایی بچمە بازاڕ یان کافتریایەک قاوەیەک بخۆمەوە و زۆر شوێن لە من تەرک کراوە و ھەر کەس دەمبینێت دەڵێت" ئەوە پیاوی گوڵنارەکەیە"
مام ئەنوەر باس لەوە دەکات بەھۆی ئەم ڕیکلامەوە ناتوانم لەگەڵ خێزانەکەم بچمە دەرەوە و لە کار و کاسپی بووم زیانی لە باری دارایی مندا و گلەی زۆر ھاتۆتە سەرم و پێم دەڵێن ھی ئەوە نەبووم ئەو کارە بکەم و شانازی بەوەشەوە دەکەم ڕیکلام بۆ ھەر کاڵایەک بکەم کە سوود بە خەڵک بگەیەنێت.
دوای ڕیکلامی ئارەقی گوڵنار مام ئەنوەر وەک خۆی دەڵێت چەندین جار ھەڕەشە لەسەر ژیانی کراوە و جارێکی دیکە بەھیچ شێوەیەک ڕیکلام بۆ مەشروب ناکات.
مام ئەنوەر باس لەوە دەکات دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی ئەو فرۆشی ئەو جۆرە مەیە زیادی کردوە و داواش دەکات ھەر کەسێک ئەو ڤیدیۆیەی لایە بیسڕێتەوە بۆ ئەوەی نەمێنێت بۆ ئەوەی من وەک کوڕی شارەکە ژیانم ئاسایی ببێتەوە.