araste

 
 عێراق

گوتەبێژی حکومەتی عێراق: پشکی هەرێمی کوردستان گرێی سەرەکی پرۆژەیاسای بودجەیە  |  23/03/2021


گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گرێی سەرەکی لە پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا پشکی ھەرێمی کوردستانە و تاوەکو ئێستا لە پەرلەمان رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە. 

حەسەن نازم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ھەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بۆ رۆژی شەممەی داھاتوو دواخرا و ئەو دواخستنەش ئاماژەیە بەوەی گفتوگۆکان لەوبارەوە بەردەوامن. 
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتیشی "لە چەندین کۆنگرەی رۆژنامەڤانییدا باسی ئەوەم کردووە کە گرێی سەرەکی لە پەسندکردنی بودجەدا پشکی ھەرێمی کوردستانە و دواخستنی دەنگدان لەسەریشی ئاماژە و بەڵگەیە کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی لە بوارەوە." 
 
حەسەن نازم ھیوای خواست "ئەو قەیرانە کۆتایی بێت بۆ پەسندکردنی بودجە"، چونکە حکومەت دەیەوێت لە ژێر رۆشنایی یاسای بودجەدا کاربکات. 
 
لەبارەی داواکارییەکانی تایبەت بە دەستکاریکردنی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گۆڕانکاریکردن لە بەھای دۆلار بەرامبەر دینار گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام "تاوەکو ئێستا ناتوانین باسی گۆڕانکارییەکی راستەقینە لەبارەی بەھای دۆلار بکەین؛ ئەمە تەنیا گفتوگۆیە". 


1044 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

زیاتر

Copyrights . All rights Reserved@