شاندێکی باڵای سەربازی عێراق گەیشتنە قەزای شەنگال و جەختیاکردەوە لەسەر سەپاندنی ئاسایش لە شەنگال و لەوبارەیەوە ڕێنماییان بە ھێزە سەربازییەکانی عێراقدا.
بەیانی ئەمڕۆ، شاندێکی باڵای سەربازی عێراق کە پێکھاتوون لە ھەریەکە لە عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، عەبدولئەمیر شەمەری جێگیری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، حەمید شەتری، بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و قاسم محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری ھەواڵگریی سەربازیی و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانییەکانی عێراق لە بەغداوە گەیشتوونەتە شارۆچکەی شەنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.
لەو سەردانەیاندا، جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان ڕایگەیاند، کە ناوچەی شەنگال سەلامەتە و ھیچ جموجوڵێکی چەکداریش نییە و ھاوکات ئەوەشی خستە ڕوو کە سوپا و پۆلیسی ناوخۆ لە ئەرکدا ئامادەن.
شەمری و یارەڵا، ڕێنماییان بە ھێزە سەربازییەکانی عێراقدا لەسەر پێویستی سەپاندنی ئەمنییەت وئاسایش و لە قەزای شەنگال.
ھەروەھا، لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق وتی: جگە لە سوپا و پۆلیسی ناوخۆ ھیچ جۆرە دەرکەوتێکی چەکداری لە ناو قەزای شەنگالدا نییە و ھەندێک ھەوڵیان داوە ھەندێک لە ڕێگا سەرەکیەکان بلۆک بکەن و ئەو پێشێلکارییانە لە ڕێگەی سوپاوە لابراوە.
لە شەوی یەکی ئەم مانگەوە، شەڕ و پێدادان لە نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پاراستنی شەنگال ـ یەبەشەدا لە شەنگال دەستپێکردووە و شەڕ و ئاڵۆزیی بەردەوامە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمڕۆی سوپای عێراق و یەبەشەدا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.