araste

 
 کوردستان

هۆشدارییەک لە دژەتیرۆری سلێمانییەوە  |  24/11/2021

دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لەگەڵ داواکاریی خوێندکاراندان، بەڵام "لێرە و لەوێ ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان تێکدەدرێت،" ھۆشداریش دەدات لەوەی رووبەڕووی "ھەر لایەن و گرووپێکی سیاسی یاخود کەسانی بەرژەوەندیخواز دەبنەوە کە بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بگۆڕن."
 
رۆژی چوارشەممە بۆ چوارەم رۆژی لەسەر یەک خۆپێشاندانی بەشێک لە خوێندکاران لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەڕێوەچوو. بۆ دووەم رۆژیش بەشێک لە خوێندکاران لە ھەولێر گردبوونەوەیان کرد. لە درەنگانی رۆژی چوارشەممەش، خۆپێشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی لە بەردەرکی سەرا گرژی لێکەوتەوە و بەھۆیەوە کەسێک بە گولـلە برینداربوو. ھاوکات ھێزێکی زۆر لەنێو شارەکە بڵاوەیان پێکرا.
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢٥-١١-٢٠٢١ دژەتیرۆری سلێمانی لە ھەژماری خۆی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، "لەگەڵ سەرھەڵدانی خۆپێشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان زۆر بەڕوونی و بە ئاشکرایی پشتیوانی راستەقینەی داواکارییەکانیان دەکەین و ھێزی بنەڕەتی پاراستنیانین، چونکە رۆڵەی خۆمانن و مافی یاسایی خۆیانە کە حکومەتی [ھەرێمی کوردستان] مافی دەرماڵە و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکات."
 
لەبارەی دروستبوونی گرژیش لە خۆپێشاندانەکاندا کە پێشتریش پۆلیسی سلێمانی باسی لەوە کردبوو کەسانێک بەرپرسن کە خوێندکار نین، دژەتیرۆر دەڵێت، "لێرە و لەوێ ئاراستەی ناڕەزاییەکان تێک دەدرێت، پێش ئێمەش پێویستە خوێندکاران بەگژ ئەو دەستانەدا بچنەوە کە رێگەی ئامانجە رەواکەیان لێ تێک دەدات."
 
دژەتیرۆری سلێمانی ھۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەرکی سەرەکیی ئەوانە کە ئاسایش و سەقامگیریی ھاووڵاتیان بپارێزن و بەرگری لە دامودەزگەکانی میری بکەن کە موڵکی گشتین، "بۆیە رایدەگەیێنین ھەر لایەن و گرووپێکی سیاسی یاخود کەسانی بەرژەوەندیخواز بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بگۆڕن، بە تووندی رووبەڕوویان دەبینەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەیاندا، دژەتیرۆری سلێمانی دڵنیایی دەدەنە ھاونیشتمانیان و خوێندکاران بەوەی کە وەکو خۆیان گوتوویانە "پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ئەستۆی ئێمەدایە و بڕینەوەی دەستی تێکدەرانیش تەنیا لەپێناو ئامانجە سەرەکییەکەی خۆپێشاندەردایە."


924 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

زیاتر

Copyrights . All rights Reserved@