araste

 
 کوردستان

ژمارەیەک بەرپرس لە کەرکوک دەستگیرکران  |  17/12/2022



دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، بەتۆمەتی ساختەکاری لە بڕی زیاتر لە دو ملیۆن لیتر نەوتی سپی خێزانە ئاوارەکانی کەرکوک، ژمارەیەک بەرپرسیان دەستگیرکردوە.

ەمڕۆ شەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە یاداشتێکی دەستگیرکردنی دادوەری، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی بەدواداچون و وردبینی پێویستیان بۆ لیستەکانی پێدانی نەوتی سپی لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکانەوە بۆ خێزانە ئاوارەکانی کەرکوک لەماوەکانی ١-١٨ی (کانونی یەکەم/١٢)ی ٢٠٢٢ ئەنجامداوە. 

ئاماژەی بەوەش کردوە، "لەماوەی پێشودا کۆمپانیای بەرھەمە نەوتیەکانی کەرکوک دو ملیۆن و ٦١٠ ھەزار و ٤١٠ لیتر نەوتی بەسەر خێزانە ئاوارەکان دابەشکردوە و پەنجە مۆری سەرجەمیشیان وەرگیراوە، لەکاتی ئەنجامدانی پشکنینی وردبینی لەلایەن تیمەکەوە، تێبینی ئەوە کراوە کە پەنجەمۆری ھاوشێوە ھەبوە بەھۆی دەستکاریکردن و ساختەکردنەوە".

ڕونیشیکردەوە، تیمەکەی دەستەی دەستپاکی کە چونەتە بەشی کۆچ و کۆچبەران لە کەرکوک بۆ مەبەستی ھاوتاکردنی ئەو ناوانەی لە لیستەکانی وەرگرتنی نەوتدا ھاتون، دەرکەوتوە زۆربەی ئەو ناوانەی لە لیستەکەدا ھاتون ناوی وەھمین و لەلیستی ئاوارەکانی کەرکوکدا بونیان نیە. 

دەستەی دەستپاکی ئاشکراشیکردوە، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتیەکانی کەرکوک بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی ٣٣١ لەیاسای سزادانی عێراقی دەستبەجێ لەدوای لێکۆڵینەوەکان دەستگیرکران، لەئێستاشدا بەکەفالەتی بڕی ١٠ ملیۆن دینار بۆ ھەریەکەیان بەکەفالەت و تا رۆژی دادگاییکردنیان ئازادکراون.


793 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

زیاتر

Copyrights . All rights Reserved@