دوای کۆبونەوەیان لە تاران، حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەکۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتی سوریا لە تاران بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا جەختیان لەسەر جیاکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە "تیرۆر" کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ ھەینی دوای کۆبونەوەی سێقۆڵیی سەرۆکی وڵاتانی ئێران و روسیا و تورکیا دەرکرا، سەرکردەکانی ئەو سێ وڵاتە جەختیان لەسەر جیاکردنەوەی گروپە "تیرۆرستییەکان"ی وەک داعش و بەرەی نوسرە لە پێکھاتە و دەستە چەکدارەکانی دیکە کردەوە کە بە ئۆپۆزسیۆن ھەژمار دەکرێن.
بە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی تاراندا ھاتووە کە قەیرانی سوریا بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و ھەر سێ وڵات گفتوگۆیان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیدا بە تاکە چارەسەر بۆ کۆتایی ھێنان بەو قەیرانە زانی.
روحانی و پوتن و ئەردۆغان بە پێویستیان زانیوە پرۆسەی سیاسیی سوریا بەرەو پێش بەرەن بە جۆرێک کە لەگەڵ بڕیارەکانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی لە سوچی و بریاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا یەک بگرێتەوە.
سەرۆکانی ھەر سێ وڵات ھەوڵەکانیان بۆ دابەشکردنی سوریا بەبیانوی شەڕی تیرۆر رەتکردوەتەوە و وتویانە ھەر ھەوڵێک بۆ ھێنانەکایەی روداوی نوێ بە بیانوی شەڕی تیرۆر و دەستبردن بۆ یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا مایەی قبوڵکردن نییە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا، ھەر سێ وڵات داواشیان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەتایبەت نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە مرۆییەکان کردوە، قەبارەی ھاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ سوریا زیاد بکەن، بەتایبەت لە بواری ھەڵگرتنەوەی مین و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی سوریا.