araste

 
 جیهان

ئەمریکا سیستمی موشەکیی پاتریۆت لە چەند وڵاتێک دەکێشێتەوە  |  27/09/2018

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاری لێپرسراوانی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا بەم نزیکانە سیستمی موشەکی پاتریۆت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکێشێتەوە.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا مانگی داھاتوو سیستمە موشەکییەکانی خۆی لە جۆری پاتریۆت کە دژە موشەک و فڕۆکەیە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکێشێتەوە.

ئاشکرایشیکردووە، واشنتۆن ٤ سیستمی موشەکیی لەو جۆرە لە ھەریەکە لە وڵاتەکانی ئوردن و کوەیت و بەحرەین دەکێشێتەوە و ئەو ھەنگاوەش ئاشکرای دەکات لەمەودوا ئەمریکا ڕوو دەکاتە ناکۆکیی و ململانێکان لەگەڵ چین و ڕوسیا و ئێران، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو گرنگیی دەدا بە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان.

کشاندنەوەی ئەو سیستمە موشەکییانە لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا لەکاتێکدایە، تۆمەتبارکردن و ھەڕەشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ماوەی دوو مانگە بەرەو ھەڵکشان چووە، دوای ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی، کە زلھێزەکان لەگەڵ ئێراندا ئیمزایانکردبوو، کشایەوە.

سیستمی موشەکیی پاتریۆت، یەکێکە لە سیستمە موشەکییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا و لە دژی فڕۆکە و ھێرشی موشەکی بەکاردەھێنرێت، بەھۆی مەترسییەکانی ھەژموونی ئێران بۆ سەر ناوچەکە، ماوەی چەندین ساڵە ئەمریکا ئەو سیستمە موشەکییەی لە ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی جێگیرکردووە.


1505 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

زیاتر

Copyrights . All rights Reserved@