فەرەنسا.. 231 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا | 25/03/2020
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢٣١ کەسی دیکە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی کۆی ئەوانەی بەھۆی پەتاکەوە مردوون، بوو بە ھەزار و ٣٣١ کەس.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی تەندروستی گشتیی لە فەرەنسا، کۆی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٢٥ ھەزار و ٢٣٣ حاڵەت.
پێشتریش ھەر ئەمڕۆ فریدریک ڤالیتۆ، سەرۆکی یەکێتی نەخۆشخانەکان لە فەرەنسا گوتی: ژمارەی راستەقینەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە رادەگەیەندرێن.
فریدریک ڤالیتۆ دووپاتی کردەوە، ئەو ئامارەی رۆژانە رادەگەیەندرێن، تەنیا ژمارەی ئەو کەسانەیە کە لە نەخۆشخانەکان بەھۆی ئەو پەتایە دەمرن و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە ماڵەوە یان خانەی بەساڵاچووان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەمرن.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە مردنی ٢٤٠ کەس لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە سەرانسەری وڵاتەکەی بەھۆی کۆرۆنا راگەیاند، کە ئەمەش بە گەورەترین ئامار لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە فەرەنسا دادەنرێت
1328 جار خوێندراوهتهوه
|