فڕۆكە جەنگیەكانی روسیا و سوریا بۆردومانی ئیدلب دەكەن | 08/09/2018
فرۆکە جەنگییەکانی روسیا و سوریا پاش تێپەرینی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی لوتکەی تاران بۆردوومانی ناوچەکانی باشوری شاری ئیدلب-یان کرد.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: فڕۆکە جەنگیەکانی حکومەتی سوریا و روسیا ناوچەکانی باشوری شاری ئیدلب-یان کردووەتە ئامانج.
بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکان لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داوای راگەیاندنی ئاگربەست و ھەڵپەساردنی ھێرشەکانی بۆ ناو شاری ئیدلب کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، زیاد لە ٣٠ ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە و گوندەکانی باشوری رۆژئاوای ئیدلب ئەنجامداوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری ژمارەیەک دانیشتووی شارۆچکەی خان شێخوم-ی سوریاوە بڵاویکردووەتەوە، کە حکومەتی سوریا لەرێگەی فرۆکەی جەنگی و ھەلیکۆپتەرەوە بۆردوومانی ماڵی ھاوڵاتیانی مەدەنیی شاجکەکەیان کردووە.
ئێران و روسیا پشتیوانیی رژێمەکەی ئەسەد دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری ئیدلب، کە دوایین شاری سوریایە لەژێرکۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدا. تورکیا و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان-یش ھۆشداریی روودانی کارەساتی مرۆییان لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئیدلب داوە.
1957 جار خوێندراوهتهوه
|