araste

 
 جیهان

دوایین زانیارییەکان لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە  |  08/08/2020

لەدوای زیاتر لە حەوت مانگ لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و توشبوونی ملیۆنان کەس و گیانلەدەستدانی سەدان ھەزار کەسی دیکە بەھۆی ڤایرۆسەکەوە، وادەردەکەوێت گەیشتن بە قۆناغی بەرھەمھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا نزیک بێت.

لەدوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین سەریھەڵدا و لە ماوەی سێ مانگدا بە جیھاندا بڵاوبووەوە، بەشێکی وڵاتان لەلای خۆیانەوە لە ھەوڵی پەرەپێدانی ڤاکسینەکەدان، لە دوایین ھەوڵیشدا ئەمڕۆ ھەینی، ئۆلیگ گریدنیف جێگری وەزیری تەندروستی روسیا رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو وڵاتەکەی یەکەم بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھان ئەنجامدەدات.

گریدنیف لە میانی کردنەوەی نەخۆشخانەی سەنتەری نیشتمانی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری ئوفا رایگەیاند، "ئەو ڤاکسینەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن سەنتەری گمالیاوە بەرھەمھێندراوە، لە چەند رۆژی داھاتوودا یەکەم بەکارھێنانی ئەنجامدەدرێت"، دەشڵێت، "تائێستاش بەردەوامین لە دەستەبەرکردنی زۆرترین بڕی ڤاکسینەکە"، ئەوەشی خستەڕوو، "بەشی زۆری ڤاکسینەکە دەدرێت بەو چین و توێژانەی کە ئەگەری زیاترە توشی پەتاکە ببن، لەپێش ھەمووانەوە کارمەندانی تەندروستی و بەساڵاچوان."

پێشتریش میدیاکانی روسیا بڵاویانکردبووەوە، کە ڤاسکینەکەی مۆسکۆ لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە و قۆناغی تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ بە سەرکەوتووی تێپەڕاندووە و بە ئەگەری زۆر لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەستەوە دەدات و بۆ ئەمساڵیش بڕی ٣٠ ملیۆن دانە لە ڤاکسینەکە بۆ ناوخۆی وڵاتەکە و ١٧٠ ملیۆن دانەی دیکەش بۆ دەرەوە بەرھەمدەھێنێت، کە عێراقیش مامەڵەی کڕینی بەشێک لەو ڤاکسینە روسیەی ئەنجامداوە.

 

ھاوکات، لە ٢٠ی مانگی رابردوودا، کۆمپانیای ئەسترازێنیکای بەریتانی رایگەیاند، مانگی نۆی ئەمساڵ، بۆ یەکەمجار ڤاکسینی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا و مانگی ١٠ی ئەمساڵیش لە ئەمریکا بەردەست دەبێت.

ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمریکیش بڵاویکردبووەوە، ئەو ڤاکسینەی کە لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای ئەسترازێنیکاوە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرەیپێدرابوو، لە تاقیکردنەوەی یەکەم دەرچووە و بەپێی ئەنجامەکان توانای پاراستنی مرۆڤی لە ڤایرۆسەکە ھەیە.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردبوو، دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، کە لەسەر ھەزار و ٧٧ کەس کراوە، نرخی پشکەکانی کۆمپانیای ئەسترازێنیکا بە ڕێژەی %١٠ زیادیکردووە، بەڵام ڤاکسینەکەیان ھێشتا چەند تاقیکردنەوەیەکی دیکەی ماوە پیایدا تێپەڕ ببێت، ڤاکسینەکە کە ناوی " ChAdOx١ nCoV-١٩"ـە، لە ڤایرۆسێکی دەستکاریکراو دروستکراوە کە شامپانزییەکان تووشی سەرمابوون دەکات و لە ئێستادا بەشێوەیەکی خێرا پەریپێدەدرێت، ڤایرۆسەکەش بەشێوەیەک دەستکاریکراوە کە ھیچ مەترسییەکی لەسەر مرۆڤ نەبێت و تووشی ھیچ نەخۆشیەکی نەکات.

رێکخراوی تەندروستی جیھانیش لەبارەی ئەو ڤاکسینەوە ئەوەی خستبووەڕوو، ڤاکسینی کۆمپانیای ئەسترازێنیکا کە لەلایەن زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە پەرەی پێدراوە لە پێش ھەموو ڤاکسینەکانی دیکەوە ئامادە دەبێت، باسی لەوەشکردبوو، "وابڕیارە لە مانگی ئابی داھاتوودا، ڤاکسینەکە ئامادە بێت."

لەوبارەیەوە، حازم جەمیلی، بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازێنیکا و دەیەوێت رێژەیەک لە ڤاکسینەکەی لێبکڕێت.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی رایانگەیاندبوو، پەرەیان بە ڤاکسینێکی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا داوە کە لە رێگەی دەمەوە ھەڵدەمژرێت، ئەوەشیان خستبووەڕوو، "رەنگە ئامادەکردنی ڤاکسینەکە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا تەواوبێت."

ئادریان ھیڵ، پرۆفیسۆر لە سەنتەری چارەسەری تەندروستی کەسیی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لەبارەی ڤاکسینەکەوە ئاماژەی بەوەکردبوو، وای بۆدەچێت، لە مانگی ئابی داھاتوودا "ڤاکسینی کۆرۆنا" ئەو جۆرەی کە لە رێگەی دەمەوە ھەڵدەمژرێت، ئامادەبێت.

لە دوو مانگی رابردووشدا، میدیاکانی ھیندستان بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی لەو وڵاتە تاقیکردنەوەی ڤاکسینێکی کۆرۆنا بەناوی "کۆڤاکسین" لەسەر ئاژەڵان سەرکەوتوو بوو، ھەریەک لە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی دەرمانی ئەو وڵاتە رەزامەندیان دەربڕیوە، کە تاقیگەی "بارات بایۆتێک" لە بنکەی حەیدەرئاباد لە مانگی تەمموزی داھاتوودا، تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ دەستپێبکەن.

ئاماژەیان بەوەشکردبوو، ئەو ڤاکسینی کۆرۆنایەی لە ھیندستان لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە، یەکەمین ڤاکسینی ئەو وڵاتەیە کە بەراورد بە ھەموو تاقیکردنەوەکانی پێشتر سەرکەوتوو بووبێت.

مانگی رابردووش، فرانسیس کۆڵینز، سەرۆکی پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ تەندروستی رایگەیاند، کە لە کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٠دا ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەستدەبێت و لە سەرەتای ساڵی داھاتووشدا، نزیکەی ٣٠ ملیۆن دانەی لێ بەرھەم دەھێنن."

لە ھەوڵە سەرەتاییەکانیشدا بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، زانایانی ئوسترالیا رایانگەیاندبوو، دەستیانکردووە بە تاقیکردنەوە لەسەر دوو جۆری ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە ڤاکسینەکان لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای دەرمانی (ئینۆڤیۆ)ی ئەمریکییەوە بەرھەمھێنراون و لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە رێگەدراوە لەسەر ئاژەڵ تاقیبکرێنەوە، کە ئەوەش یەکەم تاقیکردنەوەی ڤاکسین بوو بۆ مرۆڤ، کە پێشتر لەسەر ئاژەڵان تاقیکرابێتەوە، لەکاتێکدا پێشتر ئەمریکا وەک یەکەم وڵات ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەر ژمارەیەک کەس تاقیکردەوە، بەڵام لە ئەمریکا بە مەبەستی پەلەکردن لە بەرھەمھێنانی ڤاکسینێکی گونجاو، سەرەتا لەسەر ئاژەڵ تاقینەکرایەوە.

لەبارەی نرخی ڤاکسینی کۆرۆناشەوە، لە ٢٩ی تەمموزدا، رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرایکردبوو، "نرخی پێشبینیکراوی ڤاکسینی کۆرۆنا کە لەلایەن کۆمپانیای مۆدێرناوە گەشەی پێدراوە، لەنێوان ٥٠ بۆ ٦٠ دۆلاردا دەبێت کە ئەمەش زۆر زیاترە بەراورد بەو نرخەی کۆمپانیای "Pfizer" و ھاوبەشە ئەڵمانیەکەیBionTech" " لە چوارچێوەی رێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا دیاریانکردووە و ھەر خولگەیەکی چارەسەر وەرگرتن دوو دۆز لەخۆدەگرێت و نرخەکەی ٣٩ دۆلارە."

بە گشتی زانایان لەو تاقیکردنەوە و توێژینەوانەی تایبەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا ئەنجامدەدرێن، وای بۆ دەچن کە لە مانگی ئەیلول و کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینەکە ئامادەببێت و لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە، ھاوکات، بەپێی راگەیەندراوێکیش لە رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لە کۆی ١٠٢ توێژینەوەی تایبەت بە دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنای نوێ نزیکەی ١٥ ڤاکسین چوونەتە قۆناغی تاقیکردنەوەوە لەسەر مرۆڤ، کە لە ئێستادا ڤاکسینی ئۆکسفۆرد گەیشتووەتە قۆناغی سێیەمین و گرنگترین.

ئەگەرچی بەشێوەیەکی ئاسایی ڤاکسینی ھەر جۆرە ڤایرۆسێک ١٢ تاوەکو ١٨ مانگ دەخایەنێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن، "بەھۆی ئەو ھەوڵە بە کۆمەڵەی وڵاتان ھەیانە بۆ بەرھەمھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوا دەشێت زووتر بەردەست بێت."


1439 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

زیاتر

Copyrights . All rights Reserved@