سەرۆک و بۆردی ئەنستیتوتی کورد لە واشنتن:
٭ سیروان نەجمەدین کەریم، سەرۆکی ئەنستیتوتی کورد لە واشنتن
سیروان نەجمەدین کەریم، لە چەندین بواری جیاواز لە ناو رێکخراوەکان کاری کردووە و ھەر لە منداڵیەوە بەردەوام لە ژێر چاودێری باوکی کۆچکردویی نەجمەدین کەریم، چالاکی بۆ دروستکردنی لۆبی و پاڵپشتی لە کوردان لە ناوەندە سیاسیەکانی ئەمریکا کردووە.
سیروان نەجمەدین کەریم، کە لە ئێستادا لە ویلایەتی فلۆریدا دەژێت... ھاوکات ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ژمێریاریی لە زانکۆی میرلاند، ھاوکات ئێستا پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی ماجستێر لە زانکۆی جۆرج تاون لە بواری زانستی خانوبەرە.. ئەمەش دوایی ئەوەی بە سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژکاری خوێندکارانی خانوبەرە ھەڵبژێردرا.
٭ باڵوێز پیتەر گاڵبرێت
پیتەر گاڵبرێت، خەڵکی ناوچەی ویندھامە، لە ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٩٣ ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران بووە و ڕەشنووسی چەندین یاسای لە بواری پاراستنی ژینگەیی جیھانی و پەرەپێدانی مافی مرۆڤ و رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی چەکی ناوەکی نوسیووەتەوە.
ھاوکات لە ساڵانی ١٩٩٣ تا ١٩٩٨ باڵوێزی ئەمریکا بووە لە وڵاتی کرواتیا و بە کارئەکتەری سەرەکی رێککەوتنی ئیردوت لە ساڵی ١٩٩٥ دادەنرێت، کە کۆتایی بە جەنگ لە کرواتیا ھێنا.
ھاوکات لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتۆکان لە ئەفغانستان دیاریکراوە.
پیتەر گاڵبرێت، چەندین بڕوانامە و نووسینی جیاوازی ھەیە، دیارترینیان کتێبێکە دەربارەی عێراق بە ناوی (جەنگێکی بێ کۆتایی)، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا جەنگێکی بێ کۆتایی لە عێراق ھەڵکیرساندوو.
٭ جەنەراڵی خانەنشینکراو جەی گارنەر
جەی گارنەر لە ١٩٣٨/٤/١٥ لە ویلایەتی فلۆریدا لە دایکبووە و لە دوای تەواوکردنی خوێندن، لە رێزەکانی گاردی نیشتمانی سوپای ئەمریکا دەستیکردووە بە خزمەتی سەربازی لە یەکەی دەریایی.
لە ماوەی ساڵانی خزمەتیدا لە رێزەکانی سوپای ئەمریکا، چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاوازی وەرگرتووە، کە دیاترینیان جێگری سوپاسالاری ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی ھێزەکان و جێگری فەرماندەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و فەرماندەی ئەرکی ھاوبەشی ئەمریکا لە باکوری عێراق.
جەی گارنەر چەندین خەلاتی رێزلێنانی لە پای ئەرک و خزمەتە سەربازییکانی بەدەستھێناوە، ھاوکات بەڕێوبەری ئۆفیسی ئاوەدانکردنەوە ویارمەتیدانی مرۆیی سوپای ئەمریکا بووە لە عێراق.
٭ بەڕێز جۆ رێدەر
جۆ رێدەر، بە یەکێک لە باشترین پارێزەرەکان لە ئەمریکا دادەنرێت، کە ھاوبەشەکانی لە کاری پارێزەریی، زۆرینەیان کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانن.. ھاوکات ماوەی چوار ساڵ وەک جێگری وەزیری سوپا و بەڕێوبەری ئۆپراسیۆنەکان کاری کردووە.
یەکێک لە کارەکانی جۆ رێدەر، سەرپەرشتیکردنی دەستپێشخەری کاروباری نێودەوڵەتی سوپای ئەمریکا لەگەڵ ھێزەکانی ناتۆ بووە... دوایین کاری بەڕێز جۆ ئار رێدەر، ئەندامێتی ئەنجومەنی وزارەتی بەرگری ئەمریکا بووە.
٭ بەڕێز ئەڤین ھەینش
ناوی تەواوی (ئەڤین باگدۆ ھەینش) لە شاری دیاربەکر لە باکوری کوردستان لە دایکبووە.. پارێزەری نێودەوڵەتیە لە بواری مافی مرۆڤ.. سەرەتای کارکردنی لە یاسایی پیشەیی لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکردووە و ھاوکات لە بوارەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیریی کاری پارێزەری کردووە... لەگەڵ کاری خۆبەخشی بەردەوامی لە بواری ژنان و منداڵان.
بەڕێز ئەڤین لە چەندین بواری رێکخراوەیی و مرۆیی و ئازادی رۆژنامەگەری کاری کردووە و لە چەندین دامەزراوە وەک ڕۆژنامەنووس و راوێژکاری یاسایی کاری کردووە، لەوانە بەشی دەنگی کوردی ئەمریکا و تەلەفزیۆنی ئاڤێستا و کەناڵی kurd١.. ھاوکات بۆ ساڵانێک لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنان، کاری لەسەر تاوانی جینۆسایدی ئەنفال کردووە.
ئەڤین جگە لە زمانی کوردی، زمانەکان ی تورکی و ئینگلیزی و عەرەبی و کرواتی دەزانێت.
٭ پرۆفیسۆر دیڤید فیلیپ
بەڕێز دیڤید فێلیپس، ئێستا بەڕێوبەری بەرنامەی بنیادنانی ئاشتی ومافە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا.
پێشتر وەک راوێژکاری پێشکەوتوو لە ئەمیندارێتی گشتی نەتەوە یەکگرتۆکان کاری کردووە و ھاوکات ماوەیەک راوێژکاری کاروباری دەرەوە بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
پرۆفیسۆر دیڤید فێلیپس، نووسەری کتێبی (لە فیشەکەوە بۆ کارتی دەنگدان)، کە تێیدا باس لە قۆناغی گواستنەوە لە عێراق دەکات.
٭ دکتۆر کنداڵ نەزان
دکتۆرە کنداڵ نیزان، زانای فیزیایی ناوەکییە، ھەڵگری رەگەزنامەی فەڕەنسیە و بە ڕەچەڵک کوردە و سەرۆکی پەیمانگای کوردییە لە پاریس.
لە ساڵی ١٩٧٥ لە وڵاتی تورکیا لە دایکبووە و دامەزرێنەری کۆمەڵەی فەڕەنسا - کوردستانە، کە بیرمەندی فەڕەنسی جان بول سارتەر کاری تێیدا کردووە.
کنداڵ نەزان خاوەن پەیوەندییەکی بەھێزە لەگەڵ حکومەتەکانی ئەوروپا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا.
٭ پرۆفیسۆر دکتۆر غازی زێباری
دکتۆر غازی زێباری، لە دایکبووی باشوری کوردستانە ولە ساڵی ١٩٧٦ رووی کردۆتە ئەمریکا.. لە ساڵی ١٩٨٥ کوڵێژی پزیشکی تەواو کردووە.
پرۆفیسۆر دکتۆر غازی، لەئێستادا وەک بەڕێوبەری ھەرێمایەتی بۆ چاندنی ئەندامانی لەش دیاریکراوە و ئەندامی چەندین رێکخراویی پیشەییە.
لە وڵاتانی ڤێتنام وفیلپین و ھیندۆڕاس و،نیکاراگو، کاری خۆبەخشی پزیشکی پێشکەش کردووە... دیارترین کارەکانی دکتۆر غازی، پێشکەشکردنی ھاوکاریی مرۆیی و پزیشکی لە کوردستان لە سێ دەیەی رابردوو.
٭ بەڕێز ھێمن عوسمان
ھێمن عوسمان، یەکێکە لەو کەسانەی گرنگی بە چالاکی سیاسی دەدات.. ئەو ئێستا بەڕێوبەری لقی عێراقە لە کۆمپانیای ئسوڵی بەڕیتانی.. کە کاری چاودێری و سەرپەرشتی ماڵ و موڵکی بازرگانیە.
بەڕێز ھێمن عوسمان، بەکالۆریۆسی لە ئابوری لە زانکۆی ریدینگ لە بەریتانیا و ماجستێری لە کارگێڕی کار لە زانکۆی لەندەن بەدەست ھێناوە و یەکێکە لە چالاکەکانی بواری کۆمپانیاکانی نەوت و گاز.. کە ھاوکارێکی گرنگە بۆ دەستخستنی ھەلی کاری وەبەرھێنان لە ناوچە کوردییەکان.
پێشتر لە ساڵی ٢٠١٤ وەک راوێژکار لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە و کاری بۆ راکێشانی وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ کوردستان کردووە.
ئەو (ھێمن عوسمان) یەکێکە لەو کەسانەی بەشداری بەردەوامی لە ھەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ پرسی کورد ھەیە و بەشداری چالاکی ئەو بوارەیە.