ئەو ڕاپۆرتە بنکۆڵییەی تێوەگلانی دژەتیرۆری یەکێتییان لە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیسدا ئاشکرا کرد، لەلایەن دوو ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئەمریکاوە ئامادە کراوە، کە یەکێکیان تایبەتمەندە لە بواری بنکۆڵی ڕۆژنامەنووسیدا و ئەوی تریش خاوەنی خەڵاتێکی جیھانییە لە بواری ڕۆژنامەنووسی.
ئەم ڕاپۆرتە کە کاتژمێر ١٢:٠٠ نیوەڕۆی دوێنێ شەممە بە کاتی ئەمریکا، بە ناوی "پیلانگێڕی سەختە، لەناو نەخشەی نھێنیی ئیدارەی ترەمپ بۆ کوشتنی سولەیمانی" لە ماڵپەڕی (یاھوونیوز)دا بڵاو کراوەتەوە و بە ھاوبەشی لەلایەن ڕۆژنامەنووسان جاک مۆرفی و زاک دۆرفمانەوە ئامادە کراوە، دەنگدانەوەیەکی جیھانی ھەبووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا لەھەردوو ھەژماری نووسەرەکانیدا دەیان جار تویت کراوەتەوە و کۆمێنتی لەسەر نووسراوە.
جاک مۆرفی کێیە؟
جاک مۆرفی ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکار و ڕۆماننوسێکی ئەمریکایە و دانیشتووی شاری نیویۆرکە، ھەروەھا سەربازی پێشووی ئەمریکایە و ئەندامی ھێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا بووە.
مۆرفی خاوەنی ڕۆمانێکە بە ناوی "Murphy's Law" و ژمارەیەک کتێبی تریشی لە بواری کاری ڕۆژنامەنووسی و جەنگ دەرکردووە، لەوانەش "Gray Matter Splatter" و " Direct Action (A Deckard Novel Book ٣)"، سەرباری چەندین چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی لەسەر پرسەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ناویاندا کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی.
زاک دۆرفمان کێیە؟
ھەروەھا زاک دۆرفمانیش ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی ئەمریکایە و لە ھەمان کاتدا کاری زانکۆییش دەکات وەک توێژەر.
دۆرفمان وتارنووسە لە گۆڤاری ناوداری "فۆریێن پۆڵەسی"ی ئەمریکی، کە تایبەتە بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ھەروەھا وتارنووسە لە گۆڤاری "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، "لۆس ئەنجلس تایمز"، "زە نەیشن"، "پۆلیتیکۆ" و ماڵپەڕی "یاھوونیوز"، چەندین وتار و لێکۆڵینەوەشی لە ڕۆژنامە و میدیاکانی تری ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە.
زاک دۆرفمان دانیشتووی شاری سان فرانسیسکۆیە و سەرنووسەرە لە ئینیستیتیوتی ئەسپێن، راوێژکاری پێشووی ئەنجوومەنی کارنیگییە، ساڵی ٢٠١٨ش خەڵاتی گێراڵد ئاڕ.فۆردی لە بواری کاری ڕۆژنامەنووسی نایابدا بەدەست ھێناوە.
جێی باسە لە دواھەمین ڕاپۆرتی ئەم دوو رۆژنامەنووسەدا ھاتووە کە سێ تیمی تایبەتی ئەمەریکا، کە بە ''ھێزەکانی دەلتا'' ناسراون لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا بەشدار بوون. چەند ئەندامێکیان، خۆیان وەک کارمەندی فڕۆکەخانە ناساندووە و لە چەند شوێنێکی نزیک لەو شەقامەی قاسمی تێدا کوژرا، جێگیر کرابوون.
لە کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بە حکوومەتی عێراق گوتراوە، بەشی باشووری رۆژھەڵاتی فڕۆکەخانەکە دادەخەن، بەھۆی راھێنانێکی سەربازیی ئەمەریکا، دواتر سێ نیشانەشکێن لە دووری ٥٥٠ بۆ ٨٥٠ مەتر دوور لە شوێنی کوشتنی سولەیمانی جێگیر کراون، باڵوێزخانەی ئەمەریکا، لە رێگای دووربینی یەکێک لە نیشانە شکێنەکان، کە کامێرای پێوە پەیوەست کراوە، ئاگاداریی جموجۆڵ و کارەکان بووە.
لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوە کراوە کە ھێزەکانی دەلتا تەنیا پشتیان بە پێشبینیکردن نەبەستووە، بەڵکو ئەندامێکی دژە تیرۆر لە باکووری عێراق (ھەرێمی کوردستان) بە ناوی (سی تی جی CTG) کە سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ھاوکاری پێکانی ئامانجەکەی لە نزیکەوە کردووە.
ھەروەھا ئەوەش ئاشکرا کراوە، کاتێک قاسم سولەیمانی لە سووریاوە ھاتووەتەوە عێراق و لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزیوە، ئەندامەکانی دژە تیرۆر، کە خۆیان وەک کارمەندی گواستنەوەی جانتاکان نیشان داوە، لە نزیکەوە بوونی قاسم سولەیمانیان پشتڕاست کردووەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەش، ئەمڕۆ یەکشەممە جاک مۆرفی لە زنجیرە تویتێکدا ئاشکرای کرد کە مەبەستی راپۆرتەکەیان لە (دەزگای دژەتیرۆر) ئەو گرووپەی سەر بە یەکێتییە کە لاھوور جەنگی سەرپەرشتیان دەکات و بە دیاریکراویش وێنە و لۆگۆی دژەتیرۆری یەکێتی و پۆڵادی برای لاھوری بڵاو کردووەتەوە.
قاسم سولەیمانی لە ٣ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، لە رێگای مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ "ئەبو مەھدی موھەندیس"، کوژران. سوپای ئەمەریکا و کابینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، وەک سەرکەوتنێکی ئەمنی ھەواڵەکەیان بڵاوکردەوە.